رووداو دیجیتاڵ
ئینفلوێنسەری ناسراوی کورد، بڵند عوسمان، بە جلێکی کوردییەوە لە دووبەی دەرکەوت کە نوێترین مۆبایلی فۆڵدی کۆمپانیای ئۆنەری بەدەستەوە بوو. ئەو مۆبایلە ناوی "ئۆنەر ماجیک V5"ـە، ماوەی مانگێکە لەلایەن بڵندەوە تاقی دەکرێتەوە، کە پسپۆڕە لە بواری ئامێرە تەکنەلۆژییەکاندا.
بڵند عوسمان سەرسامیی خۆی بە تەنکی و پتەویی مۆبایلەکە نیشان دا و گوتی: "ئەوەی لەم مۆبایلەدا زۆر سەرنجی راکێشام، بابەتی تەنکییەکەیەتی. هەرچەندە ئەم ساڵ زۆر بەهێز کراوە و خاوەنی بڕوانامەی IP58ـە کە وایکردووە بەرگرییەکی باشی بەرامبەر شوخت و بەربوونەوە هەبێت، بەڵام من زیاتر بۆ بازرگانان پێشنیازی دەکەم."
شەوی 13ـی ئاب، لە یەکێک لە دوورگەکانی دارخورما لە دووبەی، رێوڕەسمی ناساندنی ئەو بەرهەمە نوێیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو. ئۆنەر بەم مۆبایلە سنوورەکانی زیرەکی و تەکنەلۆژیای لە جیهانی مۆبایلدا تێپەڕاندووە.
دێبۆ ژانگ، بەڕێوەبەری ئۆنەر لە عێراق رایگەیاند: "لە چەند ساڵی رابردوودا کارەکانی ئۆنەر لە عێراق فراوانبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە گشتی مۆبایلەکانی ئۆنەر 35٪ـی بازاڕی عێراقیان کۆنترۆڵ کردووە. ئەمجارە هەوڵمان داوە باشترین ئەزموونی مۆبایلی فۆڵد پێشکەش بە بەکارهێنەران بکەین کە هەلی سەیرکردنی داتا و دۆکیۆمێنت و فیلم لەسەر شاشەیەکی گەورە و ناوازە دەڕەخسێنێت".
تایبەتمەندییەکانی ئۆنەر ماجیک V5:
دژەئاو: خاوەنی بڕوانامەی IP58ە.
دیزاین: باریکترین مۆبایلی فۆڵدی جیهانە.
کێش: تەنیا 217 گرامە.
توانا: رامی 16 گێگابایتە و بیرگەی ناوەکی دەگاتە یەک تێرابایت.
کامێرا: سێ کامێرای پێشکەوتووی هەیە (دووانیان 50 مێگاپیکسڵ و یەکێکیان 64 مێگاپیکسڵ).
بڕیارە داواکاریی پێشوەختە بۆ کڕینی ئۆنەر ماجیک V5 لە عێراق، لە 19ـی ئەم مانگەوە دەست پێ بکات.
ئاری سادق، بەڕێوەبەری گشتیی جیبال لە عێراق کە مۆبایلەکە بەبازاڕ دەکەن، ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەکارهێنەرانی ئایفۆن گواستنەوەی داتایە کاتێک دەیانەوێت سیستمی ئەندرۆید بەکاربهێنن. ئەو گوتی: "ئەم مۆبایلە لەڕێگەی 'ئۆنەر کۆنێکت'ەوە ئەو کێشەیەی چارەسەر کردووە و بەکارهێنەرانی ئایفۆنیش دەتوانن زۆر بەئاسانی داتاکانیان بگوازنەوە. دەتوانم بڵێم ئەم مۆبایلە شۆڕشێکە لە تەکنەلۆژیادا، بەتایبەت لەڕووی زیرەکیی دەستکردەوە. جیاوازییەکەی ئەوەیە کە زیرەکیی دەستکردی ئۆنەر بەشێوەیەکی ئۆرگانیکی خۆی فێر دەکات و دەبێتە کۆپییەکی تۆ، لە حەز و ئارەزووەکانت تێ دەگات و سنوورەکانی بەکارهێنانی زۆر فراوانن".
لەلایەکی دیکەوە، هەیسەم یاسین، جێگری بەڕێوەبەری یۆرۆ ئەلوەتەنی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کڕیارانی عێراقی هەمیشە بەدوای باشترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیادا دەگەڕێن بە نرخێکی گونجاو. ئەو گوتی: "ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ کۆمپانیاکان، بەڵام ئۆنەر توانیویەتی وەڵامی ئەم داواکارییە بداتەوە و بەرهەمی پێشکەوتوو بە باشترین نرخ بخاتە بازاڕەوە".
نرخی مۆبایلی ئۆنەر ماجیک V5 لە 1799 دۆلارەوە دەست پێ دەکات و بڕیارە لەگەڵ هەر کڕینێکدا دیارییەکی بەنرخ وەک کاتژمێری زیرەک، پێنووس، یان بیستۆکی بێ وایەر (ئەیرپۆد) پێشکەش بە کڕیاران بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ