رووداو – هەولێر
دەستەی وەبەرهێنان خەریكی چارەسەركردنی كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونە. مۆڵەتی یەك مانگیش دەداتە ئەو وەبەرهێنەرانەی كاركردنیان لە پڕۆژەكانیان راگرتووە، ئەگەرنا مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێنێتەوە. روشدی سەعیدیش كە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، داواكاری پێشكەشی دەستەكە كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت تەواو بكات.
لە هەولێر بەشێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كێشەیان تێدایە، دەستەی وەبەرهێنانیش بەڵێن دەدات لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا كێشەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان چارەسەر بكات و مافی هاووڵاتیان بگەڕێتەوە.
محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە (رووداو)ی راگەیاند: "كۆمەڵێك پڕۆژە هەن كە تەواونەكراون و كێشەی گەورەیان تێدایە، بەتایبەت پرۆژەكانی وەك دەشتی بەهەشت، وەرین ستی، كانی ئەڵمانی و كۆیە ستی. ئێستا چەند وەبەرهێنەرێك داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ ئەو پڕۆژانە. لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا كێشەكانیان چارەسەر دەكرێن".
دەشتی بەهەشت یەكێك بوو لە پرۆژە زەبەلاحەكانی نیشتەجێبوون و زۆرترین رێكلامی بۆ كرا، بەڵام وەبەرهێنەرەكە پرۆژەكەی بە نیوەچڵی جێهێشت پاش ئەوەی سكاڵایەكی زۆری لەسەر تۆمار كرا و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو. سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "چەند كەسێك داوایان پێشكەش كردووە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، یەكێك لەوانە وەبەرهێنەری پێشووە كە نامەیەكی درێژی بۆ ناردووین و داوا دەكات رێگەی پێبدەین خۆی پڕۆژەكە تەواو بكات".
د.محەممەد شوكری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بە مەرج پرۆژەكە دەدەنەوە وەبەرهێنەرەكە: "ئێمە جارێ متمانەی پێناكەین، تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت پرۆژەكە وەربگرێتەوە كە خیتاب زەمانێك پێشكەش بكات، بایی ئەوە بێت پڕۆژەكەی پێ تەواو بكات".
پڕۆژەی فلۆریاستی، یەكێكی دیكەیە لە پرۆژە پڕ لە كێشەكان، ئەگەرچی مۆڵەتی پرۆژەكە لە وەبەرهێنەرەكە وەرگیرایەوە و درایە وەبەرهێنەرێكی دیكە، بەڵام دیسان كاركردن لە پرۆژەكە راگیرا. د.محەممەد شوكری دەڵێ: "فلۆریا ستی پێش دەستبەكاربوونی ئێمە دراوە بە وەبەرهێنەرێكی دیكە، بەڵام چەند كێشەیەكی تێدایە كە دەبوو چارەسەر بكرێن. 1552 گرێبەست بە ئاگاداریی دەستەی وەبەرهێنان كراوە، بەڵام 756 گرێبەست لە دەرەوەی وەبەرهێنان لەنێوان خەڵك و وەبەرهێنەری پێشوو كراون. بەپێی راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، چارەسەری كێشەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بەشێوەیەك دەبێت كە لە قازانجی هاووڵاتیان بێت. بەزووترین كات كێشەی ئەو پڕۆژەیەش چارەسەر دەكەین".
دەستەی وەبەرهێنان ماوەی مانگێك دەداتە وەبەرهێنەران بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژە راگیراوەكان. موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕی و دارایی لە دەستەی وەبەرهێنان بە (رووداو)ی راگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆكی دەستە رۆژی 9/10/2019 نووسراومان كردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك تا ئاگاداری ئەو وەبەرهێنەرانە بكەنەوە كە مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەستبەكار نەبوون، یان رێژەی كاری پڕۆژەكەیان سفرە، یاخود دوای دەستبەكاربوون پڕۆژەكانیان راگرتووە، پێویستە لەماوەی 30 رۆژدا دەستبەكار ببنەوە، بەپێچەوانەوە لیستی ئەو پڕۆژانەمان بۆ رەوانە بكەن كە دوای 30 رۆژەكە دەستبەكار نەبوون، ئێمەش مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێنینەوە و پڕۆژەكە دەدەین بە وەبەرهێنەری دیكە".
موخلیس سەلیم ئاشكرای كرد كە تاوەكو ئێستا مۆڵەتی 118 پرۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشێنراونەتەوە كە زۆربەیان لە سێكتەری پیشەسازی بوون. هەندێك لەو پرۆژانە هیچ سوودێكی ئابوورییان نییە، بۆ پرۆژەكانی دیكەش وەبەرهێنەران دەتوانن داواكاری بۆ تەواوكردنی پرۆژەكان پێشكەش بكەن.
ماوەیەكی زۆرە مۆڵەتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان راگیراوە، موخلیس سەلیم دەڵێت گۆڕانكاری لە پێدانی مۆڵەتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان كراوە، پێشتر بە گوێرەی داواكاریی وەبەرهێنەر بوو، بەڵام ئێستا كارەكەیان داوەتە دەست وەزارەتەكان و داوایان لێكردوون پلانی 10 ساڵەی وەبەرهێنانیان بۆ بنێرن، دوای ناردنی پلانەكانیان بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەست بە مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكەنەوە.
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە بەدواداچوونی بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كردووە، دەڵێت زۆربەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون مافی خەڵكی تێدا خوراوە.
رزگار حەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند: "زۆربەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون گەندەڵییان تێداكراوە و مافی خەڵكیان تێدا خوراوە یان كێشەی كواڵیتییان هەیە. بۆ نموونە لە گەرمیان 6 پڕۆژەی وەبەرهێنان هەن، لەڕووی كوالیتی باش نین و بە بەڵگە لەلامانە كە گەندەڵییان تێدا كراوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە هەندێك لە مۆڵەتەكانی وەبەرهێنان فرۆشراونەتەوە و دەڵێت: "لە گەرمیان وەبەرهێنەر هەیە مۆڵەتی پڕۆژەی بە 4 ملیۆن دۆلار فرۆشتووەتەوە، لە سلێمانیش كۆمپانیایەك مۆڵەتی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی بە 17 ملیۆن دۆلار فرۆشتووەتەوە. هەموو ئەمانەش بە بەڵگەوە دراون بە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئەویش بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ هەموویان بكات".
دابینكردنی زەوی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە ئەستۆی شارەوانیدایە. دەستەی وەبەرهێنان دەیەوێ لەمەودوا خۆی زەوی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان دابین بكات. موخلیس سەلیم دەڵێت: "داوا دەكەین چەند زەوییەك لە شارەكان بەناوی دەستەی وەبەرهێنان بكرێ، چونكە پێشتر پڕۆژە هەبووە كێشەی خاوەندارێتی لەگەڵ خاوەن زەوییەكان بۆ دروست بووە و رۆتیناتی مامەڵەی پڕۆژەكانیش زۆر بوون".
چیدی لە كاتی گۆڕینی گرێبەست پارە وەرناگیرێ
بە بڕیاری دەستەی وەربەرهێنان، چیدی وەبەرهێنەران ناتوانن پارە بەناوی گۆڕینی گرێبەست لە نێوان كڕیارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هاووڵاتی وەربگرن. سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "لەپێناوی پاراستنی مافی هاووڵاتی و بەشداربووانی پڕۆژەكان، لە رۆژی 8/10/2019 بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەبەرهێنەری هەموو پڕۆژەكان كردووە لە ماوەی 7 رۆژدا لەنێو پڕۆژەكانیان تابلۆیەك بە بەرزیی 2 مەتر و پانیی 2.5 مەتر بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی هەڵبواسن و تێیدا ئاماژە بەوەش بگرێ كە لەكاتی گۆڕینی گرێبەستی شوقە و خانوو، بەهیچ شێوەیەك پارە لە كڕیار وەرناگیرێت، بەپێچەوانەوە لەكاتی وەرگرتنی پارە، رێكاری یاسایی لەدژیان دەگرینەبەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ