نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزی؛ مسقاڵی زێڕێش دادەبەزێنێت

15-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوو رۆژدا زیاتر لە 150 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش دەکرێت نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 20 هەزار دینار دابەزێنێت.
 
ئەگەر هەیە ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕیش زیاتر لە 20 هەزار دینار دابەزێت.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە کاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهان 87 دۆلار دابەزی و بە 4085 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێش داخرانی بازاڕەکان، ئێوارەی دوێنێ نرخی زێڕ ئاستی 4033 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 4244 دۆلار کە بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو بوو. 
 
بەم پێیەش، تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 159 دۆلار دابەزیوە.
 
لە هەرێمی کوردستانیش،  بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، نرخەکان بەم شێوەیەن:
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 728 هەزار دینار
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 850 هەزار دینار
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 890 هەزار دینار
 
ئەمە نرخی بەیانیی رۆژی پێنجشەممەیە؛ کاتێكیش ئەم نرخانە بڵاوکرانەوە، ئۆنسەیەک زێڕ بە 4237 دۆلار بوو. واتە 152 دۆلار لەوکاتەوە دابەزیوە.
 
بەڵام بەم نرخەی ئێستای ئۆنسەی زێڕ، دوور نییە ئەمڕۆ لەکاتی کرانەوەی بازاڕی نێوخۆ، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی، زیاتر لە 20 هەزار دینار دابەزێت.
 
ناڕوونی لە ئابووریی ئەمریکا و سیاسەتی نەختینەیی، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە. ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بڵاوکردنەوەی ئاماری هەڵاوسانی مانگی رابردووی دواخست و رایگەیاند، رەنگە هەرگیز داتاکە بڵاونەکرێتەوە.
 
دەیڤد مێگەر، بەڕێوەبەری بەشی داتاکان لە دامەزراوەی 'High Ridge Futures' دەڵێت، "کەمبوونەوەی ئەگەری دابەزاندنی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوو هۆکارە لەوەی بەشێوەیەکی لەناکاو متمانە بە بازاڕی زێڕ و زیو نەما".
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دوای 43 رۆژ، حکومەتی ئەمریکا کرایەوە، بەڵام داخرانی بۆ ئەو ماوە زۆرە وایکردووە بەشێک لە داتا ئابوورییەکان کۆنەکرێنەوە، لەوانەش هەڵاوسان کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بڕیاری بانکی ناوەندیی وڵاتەکە لەبارەی رێژەی سوود.
 
کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە لە 10ـی مانگی داهاتوو دەبێت. ئێستا بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەری 50٪ هەیە کە لەو کۆبوونەوەیە رێژەی سوود کەمبکرێتەوە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێپەڕبوونی کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا

لە مانگی ئازاردا 2800 کەشتی کەمتر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون

رۆژ بە رۆژ قەیرانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز روو لە زیادبوونە و نرخی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و کاڵاکان بەهۆی تێپەڕنەبوونی کەشتییەکانەوە روو لە هەڵکشانە