رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتای وەزارەتی وزەی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بۆ چەند رۆژێک 149 هەزار بەرمیل زیادیکردووە. بەگوێرەی داتاکە، لە رۆژی 28-11-2025 تاوەکو 7-12-2025، رۆژانە 435 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق و باشووری کوردستانەوە هەناردەی ئەمریکا کراوە. ئەوە لە کاتێكدایە، لە نیوەی مانگی 11دا بڕی هەناردەکراو رۆژانە 378 هەزار بەرمیل بووە.
عەبدولساحیب حەسناوی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت بۆ 435 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە پشکە تەرخانکراوەکان یان سیاسەتی بەبازاڕکردنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی پرۆسەی بارکردنی چەندین بارە نەوت بووە لە ماوەیەکی کورتدا."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن عێراق بووەتە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا و گوتی: "قسەکردن لەسەر گرتنی پلەی دووەم لەلایەن عێراقەوە وێنە راستەقینەکە پیشان نادات."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: هۆکاری بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 435 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە هەفتەی رابردوودا بۆ ئەمریکا چی بوو؟
عەبدولساحیب حەسناوی: ئەو بەرزبوونەوەیەی لە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لەو هەفتەیەدا دەرکەوتووە، پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە پشکە تەرخانکراوەکان یان سیاسەتی بەبازاڕکردنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی چڕبوونەوەی پرۆسەی بارکردنی چەندین بارە نەوت بووە لە ماوەیەکی کورتدا. ئەوەش ئەنجامی هۆکاری لۆجستییە کە پەیوەندی بە خشتەی گواستنەوە، پێداویستیی پاڵاوگەکان و دۆخی بەندەرەکانەوە هەیە. ئەم هاوکاتبوونە کاتییە رەنگە وا دەریبخات کە هەناردەی هەفتانە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا بڕی هەناردەکراوی راستەقینە بە شێوەی مانگانە لە چوارچێوەی تێکڕا ئاساییەکاندا دەمێنێتەوە.
رووداو: ئەو هۆکارانە چین کە یارمەتیی عێراقیان داوە بگاتە پلەی دووەم لەنێو گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا؟
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی: قسەکردن لەسەر گرتنی پلەی دووەم لەلایەن عێراقەوە وێنە راستەقینەکە پیشان نادات، ئەگەر پشت بە ئاماژە جێگیرە مانگانە و وەرزییەکان ببەسترێ. داتا وەرزییەکانی لایەنە تایبەتمەندەکانی وەک (Kpler) دەریدەخەن کە عێراق لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2025 لە پلەی هەشتەمدایە لەنێو هەناردەکارانی نەوتی خاو بۆ بازاڕی ئەمریکا، بە تێکڕای نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا. هەروەها، دوایین داتای ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) بۆ مانگی حەوتی2025 ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق لە پلەی حەوتەمدایە. دەرکەوتن لە پلەی پێشەوە لە هەندێک راپۆرتی هەفتانەدا، تەنیا بۆ چڕبوونەوەی گەیشتنی بارەکان لە ماوەیەکی کورتدا دەگەڕێتەوە و کاتییە.
رووداو: ئایا پێشبینی دەکەن عێراق لە پلەی دووەمی گەورە هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا بمێنێتەوە؟
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی: پێشبینی دەکەین عێراق بەردەوام بێت لە دابینکردنی نەوتی خاو بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی بەبازاڕکردنی پەسەندکراو، هاوشێوەی بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا، ئەمەش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی سەقامگیری و بەردەوامیی پرۆسەی هەناردەکردن و پاراستنی سامانی وڵات، بەڵام لە چوارچێوەی هەمان تێکڕای پەسندکراوی ئەم ساڵ.
رووداو: ئایا ئەم بەرزبوونەوەیە رەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی ستراتیژیی نوێیە بەرەو بازاڕی ئەمریکا؟
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەم بەرزبوونەوە هەفتانەیە رەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی ستراتیژیی نوێ نییە. ستراتیژیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەر لەسەر بنەمای هەمەچەشنکردنی بازاڕەکان و پاراستنی هاوسەنگییان دەمێنێتەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات بکات.
رووداو: زیادبوونی هەناردەی عێراق چۆن کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت؟
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی: هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕی ئەمریکا و سەقامگیرییەکەی، دەکرێ بەشدار بێ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لە رێگەی کەرتی وزەوە. جگە لەوەی هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و بەشداریکردن لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی نەوت، کە رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر گەشەی ئابووری و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ