رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجیی نووسینگەکەی و کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک لە راوێژکار و شارەزایانی دەرکرد کە پێشتر ئەرکیان لە چەند دۆسیێیەک پێ سپێردرابوو.
ئەو بڕیارە دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوکرایەوە و دەڵێت، کارەکە بۆ تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی جوومگەکانی نووسینگەکەن.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، رێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و چالاککردنی کارەکانن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گرێبەستی ژمارەیەک راوێژکار و شارەزا کۆتایی پێ هێنرا کە پێشتر راسپێردرابوون بۆ بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگی کارنامەی حکومەت کە رێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە 88%.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە چەند هەنگاوێکی سکهەڵگوشین بگرێتەبەر و زۆربەی خەرجیی بەکاربردنی نووسینگەکەی کەم بکرێتەوە.
ئەو هەنگاوەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی، هاوکاتە لەگەڵ کێشەی نەختینە و کەمبوونەوەی داهاتی عێراق، کە بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە لە کاتی ئاسایی خۆی دوادەکەوێ.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، دەبێت دامەزراوەکان هەموو ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەن کە ئەنجوومەنی وەزیران لەو بوارەدا دەریکردوون بۆ کەمکردنەوەی خەرجی.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی خەرجی و داهات، لە 11 مانگی پاردا داهاتی عێراق 114 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام خەرجییەکەی 126 تریلیۆن دینار بووە کە 12.8 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ