رووداو دیجیتاڵ
لە بەشێکی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا جیاوازی لەنێوان نرخی دۆلاری سپی و شین هەیە. جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، سەرجەم چاپەکانی دۆلار هەمان نرخن. نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، بانکی ناوەندی چاپە کۆنەکانی دۆلار بە نرخێکی کەمتر وەردەگرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانکی ناوەندی بەبێ جیاوازی، مامەڵە لەگەڵ نرخی سەرجەم جۆری چاپەکانی دۆلار دەکات و ئەوەی لە بازاڕدا دەکرێ هیچ پەیوەندی بە بانکی ناوەندییەوە نییە.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، سەرجەم چاپەکانی دۆلار بە کۆن و نوێوە لای بانکی ناوەندی هەمان نرخن.
هاوکات زیا تائی، نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بە رووداوی گوت: "ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق دەستی بە گۆڕینەوەی ئەو چاپە کۆنانە بۆ چاپی نوێ لە وڵاتی ئوردن کردووە."
نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاماژەی بەوەش کرد: "بانکی ناوەندیش هەر 100 دۆلار لە چاپە کۆنەکان بە 5 هەزار کەمتر لە نرخی فەرمی وەردەگرێ."
لای خۆیەوە ئیحسان شەمران، پسپۆڕی دارایی و ئابووری بە رووداوی گوت: "جیاوازیی نرخی چاپی کۆن و نوێ بۆ دەنگۆی ناڕاست دەگەڕێتەوە لەلایەن هەندێک لە بازرگان و خاوەن نووسینگەکانی دراو، چونکە قازانجی بۆ ئەوان تێدایە."
ئیحسان شەمران گوتیشی: "چاپەکانی دۆلار چ کۆن بن یان نوێ، هەر دۆلارن و لە بۆرسەدا سەرجەمیان یەک نرخن و جیاوازییان نییە."
ئەو پسپۆڕە داراییە دەڵێ: "دیارنییە بکەرە سەرەکییەکانی ئەو دەنگۆیانە کێن، بۆیە رێگری لێکردنیان قورسە. بەشی زۆری نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرین لەوە و کارەکە لە سەرووی ئەوانەوە دەکرێ."
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممە (ئەمڕۆ)وە بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جۆری دۆلار لە بازاڕ جێبەجێ دەکرێ و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ 28٪ کەم دەکرێتەوە.
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر گوتی: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی بازاڕ، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی رێژەی نوێی دۆلاری شین و سپی لە کاتی گۆڕینەوەدا لە سبەی سێشەممەوە. سیستمەکە لە (50٪ شین و 50٪ سپی)ـەوە دەگۆڕێ بۆ (70٪ شین و 28٪ سپی و 2٪یش دۆلاری پەنجایی)."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و بەرپرسێکی ئەمنیی ئاگادار بە رووداوی راگەیاند: "لە بانکی ناوەندیش بە سیستمی (70%ی شین، 28%ی سپی و 2%یش دۆلاری پەنجایی) کاردەکرێ، بەڵام هیچ نووسراوێکی فەرمی لەوبارەوە نییە، چونکە جگە لە ئەمریکا کەس ناتوانێ مامەڵەی دۆلار دیاری بکات، بەڵام وەک نەریتێک لەوێش بەو سیستمە کاری پێدەکرێ، بۆیە لە کوردستانیش بەو شێوەیە کار دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ