رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەک بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێردرێ. بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەم ساڵ پشکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 310 ملیار دینارە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەک قۆناخی یەکەم 57 ملیار دینار بنێردرێ."
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئەیلوولی 2025، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوار قۆناخی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق بەڕێوەچووە و بڕیارە لەم چەند رۆژەدا پێنجەم بەشی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت."
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: "ئەم ساڵ پشکی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 310 ملیار دینارە و لە قۆناخی یەکەمدا 57 ملیار دینار دەنێردرێ."
بە گوتەی سەروەر کەمال، پارەی بەشێک لە جووتیارانی عێراق زووتر لە هەرێمی کوردستان خەرج کرا، چونکە گەنمی ئەوان زووتر دروێنەکرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ رووداو، 57 ملیار دینارەکە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەبێت:
پارێزگای هەولێر: 20 ملیار دینار
پارێزگای سلێمانی: 25 ملیار دینار
پارێزگای دهۆک: 12 ملیار دینار
15ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەک بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی."
وەزارەتەکە رایگەیاند، بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، راستەوخۆ بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێ.
14ی ئەیلوول، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕی دوو تریلیۆن دینارمان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و بەسەر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەرکاتێک وەزارەتی دارایی پارەکە خەرج بکات، ئەوا لە گوژمەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن، لە دهۆک نزیکەی 118 هەزار تۆن و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش 158 هەزار تۆن بوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنمی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ