رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، حکومەت بڕیاری داوە کە دەکرێت سوود لە گازی کۆرمۆر وەربگیرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتەکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەم کارەبایی، گازی ناوچەکانی باشووری بۆ بەغدا گواستوەتەوە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ شەممە (18ی کانوونی دووەمی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە کە دەتوانرێت گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بکڕدرێت بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی وێستگەکانی کەرکووک."
کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان و گازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئەحمەد موسا عەبادی ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەو گازەی کێڵگەی کۆرمۆر دەتوانرێت بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا لە کەرکووک بەکاربهێندرێت."
لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007، گرنگیی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر درا و هەردوو کۆمپانیای ئیماراتی "دانە گاز" و "نەوتیی هیلال" گرێبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەیان واژۆکرد.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا "کواڵیتیی گازی کۆرمۆر زۆرباشە" و دەیانەوێت بۆ دابینکردنی کارەبا سوودی لێوەربگرن.
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
سەبارەت بە راگرتنی گازی ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "راگرتنی گازی ئێران کاریگەریی زۆری لەسەر وێستگەکانی کارەبا دروستکردووە. بەشێک لە وێستگەکان بە تەواوی لەکارکەوتوون و بەشێکی دیکەش بە توانایەکی کەمتر کار دەکەن، ئەوەش بەهۆی وەستانی گازی هاوردەکراوە."
پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو، بەهۆی راگرتنی گازی ئێرانەوە نزیکەی 5880 مێگاوات کارەبا لەدەستدراوە.
ئەحمەد موسا عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکە بەشێک لە گازی دابینکراوی ناوچەی باشوور کە بڕەکەی 9 ملیۆن مەتر سێجایە گواستووەتەوە بۆ بەغدا تاوەکو بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا لە بەغدا بخاتەوە کار، بەڵام ئەمە چارەسەری سەرەکی نییە و تەنها بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە "گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوون و بەڵێنیان داوە کە دوای تەواوبوونی کاری چاکسازی، هەناردەی گاز دەستپێبکەنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو کە "وەزارەتەکەیان بە جیدی کاردەکات بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی وزە هەمەجۆر بکات و کەمتر پشت بە گازی سروشتی و سووتەمەنیی نەوت ببەستێت. ئێستا وەزارەتەکەیان کار بۆ پڕۆژەکانی وزەی خۆر دەکات."
سەبارەت بە گرێبەست لەگەڵ ئیمارات بۆ هاوردەکردنی گاز، عەبادی رایگەیاند: "هیچ گرێبەستێک لەگەڵ ئیمارات نییە، بەڵام گرێبەست لەگەڵ تورکمانستان هەیە و چاوەڕوانی تەواوبوونی رێکارە داراییەکان دەکەن تا دابینکردنی گاز دەستپێبکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ