رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز بە تەواوەتی کرایەوە لە ماوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەشی ئەم ساڵ بەڕێژەی 9٪ دابەزی و بەرمیلێکی بە 90 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو، بەڕێژەی 12٪ دابەزی و بە 83 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی لە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو کەشتییانەی بە نیازن لە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەریاوانی ئێران هاوئاهەنگی بکەن.
گەشبینی بە کرانەوەی تەنگەی هورمز و گەڕانەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕەکان، هۆکاری دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بوو.
دۆناڵد ترەەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کرانەوەی تەنگەکە، "سوپاس"ی ئێرانی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هەڵنەگرتووە و دەڵێت، دەبێت رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران واژۆ بکرێت ئەوکات هەڵدەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ