نرخی پەینی کیمیایی 18٪ دابەزی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکاندا نرخی تۆنێک یۆرۆیا، کە دیارترین جۆری پەینی کیمیاییە، 18٪ دابەزی و بە 640 دۆلار بۆ هەر تۆنێک مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی پەینی کیمیایی دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز کراوەیە.
 
پێش قسەکانی عێراقچی، تۆنێک پەینی کیمیایی بە نزیکەی 800 دۆلار بوو.
 
ئەلێکسیس ماکسوێڵ، شرۆڤەکاری باڵای کشتوکاڵ لە (بلومبێرگ ئینتێڵیجێنس) دەڵێت، "نرخی پەینی کیمیایی بەخێرایی دادەبەزێ".
 
دابەزینی نرخەکە لەکاتێکدایە، بەشێکی جووتیاران، بەتایبەتی لە ئەمریکا، وەرزی چاندنی بەهارەیان دەستپێکردووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی پەینی کیمیاییەوە، بڕیاریانداوە بڕێکی کەمتر بچێنن بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
 
هاوکات گەیشتنی هەر بارێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ کەناراوەکانی ئەمریکا و گواستنەوەی لە رێگەی رووبارەکانەوە بۆ ناوچەکانی چاندن لە نێوەڕاستی ئەمریکا، زیاتر لە مانگێکی پێدەچێت.
 
تەنگەی هورمز، کە نزیکەی یەک لەسەر پەینی کیمیایی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بە درێژایی ماوەی شەڕی داخرابوو، ئەمەش قەیرانی وزە و پەینی دروستکرد.
 
پێش شەڕی ئێران، تۆنێک پەین بە 460 دۆلار بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە