ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نزیکەی دوو ساڵی پێویستە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، قەرەبووکردنەوەی ئەو بەرهەمە وزەیەی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕەوە لەدەستچووە، نزیکەی 2 ساڵی پێدەچێت.
 
بیرۆڵ بە میدیای سویسرای گوت: "قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاواز دەبێت. بۆ نموونە، لە عێراق ماوەیەکی زۆر زیاتری پێدەچێت وەک لە سعودیە".
 
بیرۆڵ گوتیشی: "بەپێی خەمڵاندنی ئێمە، بە گشتی نزیکەی 2 ساڵی پێدەچێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەرهەمهێنانی نەوت بگاتەوە ئاستەکانی پێش شەڕ".
 
بیرۆڵ ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕ بە کەم سەیری ئەنجامەکانی داخستنی هورمزی کردووە.
 
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە گوتیشی، بە کرانەوەی هورمز، بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەڵام گەیشتن بە توانای تەواو هێشتا کاتی دەوێ.
 
ئەو بارە نەوت و گازەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ئێراندا بەرەو شوێنی مەبەست بەڕێکەوتبوو، ئێستا گەیشتووە، ئەمەش کاریگەریی کەمبوونەوەی وزەی کەمێک کەمکردووەتەوە.
 
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت: "لە مانگی ئاداردا هیچ بارێکی نوێی نەوت بار نەکراوە. هیچ بڕێک نەوت، گاز و سووتەمەنی بۆ وڵاتانی ئاسیا بارنەکراوە".
 
فاتیح بیرۆڵ پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر هورمز نەکرێتەوە، نرخی نەوت بەرزتر دەبێتەوە.
 
لە مانگی ئاداردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی خستە بازاڕەوە، کە گەورەترین خستنەبازاڕی یەدەگی نەوت بوو لە مێژووی ئاژانسەکەدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە