رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، گواستنەوەی نەوتی ئەمریکا لە رێگەی کەناڵی پەنەماوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی نزیکەی چوار ساڵی رابردوو.
دامەزراوەی کپلەر کە تایبەتە بە بەدواداچوونی هاتووچۆی کەشتیوانی دەڵێت، لە نیوەی یەکەمی ئەم مانگەدا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی ئەمریکا لە رێگەی کەناڵی پەنەماوە هەناردە کراوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە تەمموزی ساڵی 2022ـەوە.
نەوتەکە هەناردەی وڵاتانی ئاسیا دەکرێ، بەتایبەتی کە پاڵاوگەکان پەلە دەکەن لە هاوردەکردنی نەوتی ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستبووە بەهۆی گرژییەکان و داخرانی ئەم دواییەی تەنگەی هورمز.
پەنەما کورتترین رێگەیە لەنێوان کەناراوەکانی کەنداوی ئەمریکا و ئاسیا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی بازرگانی، زیادبوونی نۆرە لە کەناڵی پەنەما وایکردووە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بدەن بۆ ئەوەی لە نۆرەدا نەمێننەوە و راستەوخۆ نەوتەکە بگوازنەوە.
داتاکانی کپلەر دەریدەخەن کە زۆرینەی هەرە زۆری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە لە مانگەکانی ئادار و نیساندا بەرەو زەریای هێمن چوون، نەوتی ئەمریکیان بەرەو بەرەو ژاپۆن و کۆریای باشوور گواستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ