یەدەگی دراوی بیانیی عێراق دابەزیوە؛ "هۆکارەکەی کورتهێنانە لە بودجە"

18-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەریدەخەن، بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە دوو ساڵدا لە 111 ملیار دۆلارەوە بۆ 96 ملیار دۆلار دابەزیوە. شارەزایەکی ئابووری و دارایی هۆکارەکەی بۆ کورتهێنان لە بودجە دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، "یەدەگی دراوی بیانی بانکەکە لە 31ی ئایاری ساڵی رابردوودا 97.943 ملیار دۆلار بووە کە یەکسانە بە 127.326 ترلیۆن دینار، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ 96.99 ملیار دۆلار بووە، کە دەکاتە 126.098 ترلیۆن دینار."
 
بەکۆی گشتی بڕەکە روو لە دابەزینە، بەجۆرێک لە سەرەتای ساڵی 2023دا 111.736 ملیار دۆلار بووە.
 
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەردەوامی یەدەگی دراوی بیانی، بۆ کورتهێنانی بودجە دەگەڕێتەوە. کاتێک کورتهێنان هەبێت، حکومەت ناچارە دەست بۆ یەدەگەکانی ببات."
 
فیکرەت دەڵێت، "کێشەی گەورەی عێراق ئەوەیە، گەنجینەکەی پەیوەستە بە گەنجینەی ئەمریکاوە. بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگانە دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەنێرێت و عێراق خۆی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دۆلارەکەیدا نییە."
 
بەگوێرەی شاد فیکرەت، مەرجەکانی ئەمریکا بۆ سەربەخۆکردنی بانکی ناوەندیی عێراق لە مامەڵەکردن بە دۆلارەکەی بریتیین لە "راگرتنی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە ناکۆکی ئابووری و سیاسیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، لەوانە ئێران، لەگەڵ خەرجنەکردنی دۆلار بۆ گرووپە چەکدارەکانی نێوخۆ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە