رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ئێران و ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ 16 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 64 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 19 سەنت بەرزبووەوە و بە 59 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردبوو هێرش دەکاتە سەر ئێران ئەگەر تاران دەست بە کوشتنی خۆپێشاندەران بکات و داوای کردبوو خۆپێشاندانەکان بەردەوام بێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشەی لە لێدوانەکانی کرد.
هەڕەشەکانی ترەمپ هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنتی گەیاندبووە 67 دۆلار. سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی ترەمپ، بوونی هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداو زیادبوونی جمووجۆڵەکانی، نرخی نەوتی لە ئاستێکی بەرزدا بەراورد بە چەند مانگی رابردوو هێشتووەتەوە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە دەڵێت، نرخی نەوت کەمێک دوورکەوتووەتەوە لە بەرزترین ئاستی 12 هەفتەی رابردووی خۆی، بەڵام هێشتا مەترسییە جیوسیاسییەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ