رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی زیو سێ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 93 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەم پێیە ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بە سێ هەزار دۆلارە.
پێشتر بەیانیی ئەمڕۆ زیو ئاستی 94.03 دۆلاریشی تۆمارکرد، کە بەرزترین ئاستە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاندووە پێناسی نوێ دەخاتە سەر 8 وڵاتی ئەورووپی، ئەوەش وەک گوشارێک بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت دوورگەی "گرینلاند" بکڕێت.
ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زیو وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ سەرمایەگوزاری. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپدا، سەرکردە ئەورووپییەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تۆڵەکارانە.
بەشێک لە راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، یەکێتیی ئەورووپا پلانەکەی ساڵی رابردووی بۆ سەپاندنی گومرگ بەسەر کاڵا ئەمریکییەکاندا زیندوو بکاتەوە.
ساڵی رابردوو زیو خرایە لیستی کانزا هەرە گرنگەکانی ئەمریکا، چونکە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پیشەسازیی وزەی سەوز و تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنیدا.
جگە لە هۆکارە سیاسییەکان، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکە بۆ کەمیی خستنەڕوو دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ