رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێ، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی بەرهەمیان. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئابووریی عێراق."
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەکانیان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدایە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، چالاککردنی کەرتی بازرگانی و پشتگیریکردنی بەرهەمی نێوخۆیی؛ راشیگەیاند، کاردەکەن بۆ باشترکردنی سەبەتەی خۆراک بە شێوەیەک لەگەڵ پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بگونجێت.
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی کەرتی بازرگانی دەبنەوە، مستەفا نزار عانی گوتی، "رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبینەوە، لەوانە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی و دابینکردنی کەرەستە بنەڕەتییەکان، بۆ ئەمەش پلانمان داناوە لە رێگەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردن و گۆڕانی دیجیتاڵی لە رێکارە بازرگانییەکاندا چارەسەری کۆسپەکان بکەین."
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە کەرتی بازرگانیدا، وەزیری بازرگانیی عێراق دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکەیان لەسەر بنەمای "تەواوکاریی ئابووری و هاوئاهەنگیی هاوبەشە"، چونکە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان یەکە و هاوئاهەنگیی بەردەوام لە دۆسییەی کشتوکاڵی و خۆراکییەکاندا هەیە.
وەزیری بازرگانی لە پەیامێکدا بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا و رایگەیاند، "حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتمان پابەندن بە پاراستنی مافی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە. بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەپێی رێکارە پەسندکراوەکان وەردەگرین و دادپەروەری لە مامەڵەکردن و پشتگیریکردنی بەرهەمی نیشتمانی گەرەنتی دەکەین."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی مستەفا نزار عانی، وەزیری بارزگانی عێراق:
رووداو: دیدگەی وەزارەتی بازرگانی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت چییە؟
وەزیری بازرگانی: وەزارەتی بازرگانی لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، چالاککردنی کەرتی بازرگانی و پشتگیریکردنی بەرهەمی نێوخۆیی. هەروەها پەرەپێدانی سەبەتەی خۆراک بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق لە هەموو پارێزگاکان بگونجێت.
رووداو: وەزارەت چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆسپ و قەیرانە بازرگانییەکاندا دەکات؟
وەزیری بازرگانی: ئێمە رووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبینەوە، لەوانە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی، دابینکردنی کەرەستە بنەڕەتییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی کۆگاکردن و گواستنەوە. بەڵام وەزارەت پلانی داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کۆسپانە لە رێگەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردن، پشتگیریکردنی بەرهەمی نیشتمانی و گۆڕانی دیجیتاڵی لە خزمەتگوزاری و رێکارە بازرگانییەکاندا.
رووداو: سرووشتی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
وەزیری بازرگانی: بڕوامان وایە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای تەواوکاریی ئابووری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بنیادنراوە، چونکە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان یەکە. وەزارەتی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی سیستمی ئابووریی عێراق دەکات و هەماهەنگیی بەردەوام لە دۆسێ بازرگانی، کشتوکاڵی و خۆراکییەکاندا هەیە.
رووداو: چۆن دڵنیایی دەدەنە جووتیارانی هەرێمی کوردستان؟
وەزیری بازرگانی: جەخت دەکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی پابەندن بە پاراستنی مافی جووتیارانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە، ئەوەش لە رێگەی وەرگرتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بەپێی رێکارە پەسندکراوەکان و پشتگیریکردنی بەرهەمی نیشتمانی و گەرەنتیی دادپەروەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ مۆڵەتەکاندا بێ جیاکاری. پەیاممان بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەوڵەت هاوبەش و پشتیوانیانە، چونکە پشتگیریکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی لە کارە لەپێشینە نیشتمانییەکانمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ