رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، بڕیارە رۆژی چوارشەممە شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە. باسی لەوەش کرد، "عێراق بڕیاری ناردنی مووچە بدات، داهاتی ناوخۆ دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
شەوی رابردوو شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بەیانیی رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025 لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق کۆبووەوە.
بڕیارە سبەی شاندەکە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە. سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "سبەی لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە ئامادەبوونی تەیف سامی و محەممەد تەمیم، سەرۆکی لیژنە پێکهێندراوەکەی عێراق کۆدەبینەوە، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکەمان ببێتە بنەمایەک بۆ مانگەکانی داهاتوو."
لەبارەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی حوزەیران، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "120 ملیار دینار ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێین عێراق بە فەرمی بڕیار لە ناردنی مووچە بدات، تاوەکو بیخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رەچاوی سێ خاڵ بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئەو لیژنانەی لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ی بڕیارە ئاماژەپێکراوەکەدا ناویان هاتووە، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیی بکەن.
2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.
3. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ