مەسرور بارزانی 'بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان' گەیشتە سویسرا

20-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووريی جیهانی لە داڤۆس.
 
کۆڕبەندی داڤۆس ئەمساڵ بە درووشمی 'پێکەوەکارکردن لە سەردەمی ژیریدا' ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-1-2025) دەستپێدەکات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەبێت."
 
لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی "دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا."
 
هەر لە داڤۆس، ماڵی کوردستان کە پار لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، "ئەمساڵیش چەندین چالاکی بە بەشداريی ژمارەیەک وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان رێکدەخات، بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
 
زیاتر لە 350 سەرکردە کە 60ـیان سەرۆکی وڵات یان حکومەتن لە کۆڕبەندەکە دا بەشدار دەبن، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە بەڕێگەی لایڤەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دەکات.
 
بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە