رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی راوەستانی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوور، بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە رێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و لە 3.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنیا 900 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئازاری 2026، حیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، لە بارەگای کۆمپانیای نەوتی بەسرە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد. مەبەستی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پلانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بوو لە دەرئەنجامی ئەو رووداو و پێشهاتانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت.
وەزیری نەوت لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "لەو کاتەوەی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوورەوە راوەستاوە، بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکەمان لە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل کەم کردووەتەوە."
راشیگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، رەوانەی پاڵاوگەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن و پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کادیرە باڵاکانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە و بەرپرسانی وەزارەت جەختیان لەسەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکە کردەوە تاوەکو رەوشی ناوچەکە و پرۆسەی هەناردەکردن ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 6ی ئاداری 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی رومێڵەی باکوور لە پارێزگای بەسرە، 50 کیلۆمەتر لە باشووری ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.
دوابەدوای هێرشەکە، کەسانی شارەزای کۆمپانیا بیانییەکان وەک (ئینی ئیتاڵی، بی پی بەریتانی، کۆمپانیا لۆجستییەکانی کەی بی ئار، بیکەر هیوز و شڵەمبێرگەر) بۆ بارەگا کاتییەکانیان لە وڵاتانی کەنداو گەڕانەوە.
هەر ئەوکات، کازم عەبدولحەسەن کەریم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە بۆ کاروباری کێڵگە و مۆڵەتەکان، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "بەندەرە نەوتییەکان لە بەسرە، لەوانە ئوم قەسر و بەندەری نەوتی بەسرە، بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن. تێکڕای هەناردەکردن بەندە بە بەردەستبوونی کەشتییەکانەوە، لە کاتێکدا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە. ئەمە لەکاتێکدایە پێش پێشهاتە سەربازییەکانی کەنداو 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ