رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکەی جیهان، دابەزی.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 4460 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەش بەڕێژەی 0.9٪ دابەزی و بە 4470 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا هیچ وزەیەکی بۆ بەرزبوونەوە تێدا نەماوە."
هاوکات نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوە سەرەکییەکی جیهان کە لەڕێگەی پێنوێنیی دۆلارەوە دەپێورێت، بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی 6 هەفتەی رابردووی خۆی.
سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی یەک ساڵی رابردوو، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی نەختی و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەهێنێتە ئاراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگە ناچاربن هێرشێکی دیکە بکەنەسەر ئێران، بەڵام جەی دی ڤانسی جێگری دەڵێت، دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە.
ئانا پاوڵسن، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی فیلادێلفیا دەڵێت، ئاستی رێژەی سوودی بانکی گونجاوە بۆ دۆخی ئێستا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە وەبەرهێنان ئەو سیناریۆکان لەبەرچاو بگرن کە سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ