رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران "زۆر بەخێرایی" کۆتایی دێت.
لەگەڵ ئەوەشدا وەبەرهێنەران هێشتا بەگومانن لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا، چونکە تاوەکو ئێستا تەنگەی هورمز بەنزیکەیی داخراوە و دابینکردنی نەوت لە جیهاندا تووشی کێشەی جیدی بووە.
نرخی نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 45 سەنت یان 0.4% دابەزی بۆ 110 دۆلار 83 سەنت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش، 27 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 103 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە نزیکەی 1 دۆلار دابەزین، دوای ئەوەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران و واشنتن لە دانوستاندنەکاندا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە و هیچ کام لە لایەنەکان نایانەوێت دەستپێکردنەوەی جەنگ ببینن.
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (فوجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "وەبەرهێنەران پەرۆشن بۆ ئەوەی بزانن ئایا واشنتن و تاران دەتوانن لەڕاستیدا خاڵێکی هاوبەش بدۆزنەوە و بگەنە رێککەوتن، لەکاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا رۆژانە دەگۆڕێت."
توشیتاکا دەڵێت، "پێدەچێت نرخەکانی نەوت بە بەرزی بمێننەوە بەهۆی ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئەو پێشبینییانەی کە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنی ئاشتیش بێتە ئاراوە، دابینکردنی نەوتی خاو بەخێرایی ناگەڕێتەوە بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ