رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، دەستکاری نرخی دۆلار و دینار ناکرێ و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابین کراوە؛ دڵنیایی دەدات کە دۆخی ئابووریی وڵات "سەقامگیرە و لەژێر کۆنترۆڵدایە".
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، لەگەڵ نوێنەرانی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن کۆبووەوە و تێیدا باس لە پرسە دارایی و نەختینەییەکان و رۆڵی بانکەکە لە سەقامگیرکردنی بازاڕ و چاودێریکردنی بانکەکان کرا.
عەلی عەللاق رایگەیاند، بانکی ناوەندی بە بێلایەنییەکی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ بودجەی گشتیدا دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتیی بانکەکە تەنیا لە رێکخستنی سیاسەتی نەختینەیی، پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ و چاودێریکردنی بانکەکانە، بێ ئەوەی دەستوەردان لە بژاردە سیاسی یان ئابوورییەکانی بودجە بکات.
پارێزگاری بانکەکە گوتی، ئەوان کار بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان "کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو" و "کورتهێنانی راستەقینە" دەکەن، ئەوەش لە رێگەی ئامرازەکانی سیاسەتی نەختینەیی، وەک پێوانەکردنی قەبارەی نەختینە و پاراستنی سەقامگیری، بێ ئەوەی گوشار بخەنە سەر بازاڕ.
عەلی عەللاق باسی لە قۆناخەکانی چاکسازیی بانکی کرد کە بریتین لە پەرەپێدانی سیستمی پارەدان و تووندکردنی رێکارەکانی چاودێری بۆ رێگریکردن لە هەر کارێکی نایاسایی کە زیان بە بەهای دراوی نیشتمانی بگەیێنێت.
پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دا کە دۆخی ئابووریی وڵات "سەقامگیرە و لەژێر کۆنترۆڵدایە" و ئەو رێکارانەی لە مانگەکانی رابردوودا گیراونەتەبەر، بوونەتەهۆی کەمکردنەوەی ناجێگیری و زیادکردنی متمانە بە سیستمی دارایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ