رووداو دیجیتاڵ
ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەدی باکووری کوردستان، بە بڕیارێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی 143 ساڵەی خۆیدا زمانی کوردیی خستەسەر لۆگۆکەی.
ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەد کە یەکێکە لە دێرینترین رێکخراوە پیشەییەکانی ئامەد و 26 هەزار ئەندامی هەیە.
بەگوێرەی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ژوورەکە، زمانی کوردی بۆ لۆگۆی ژوورەکە زیادکرا. لە لۆگۆ نوێیەکەدا، لە ژێر ناوی تورکیی دامەزراوەکە، بە پیتی لاتینی شێوەزاری کرمانجی زمانی کوردی نووسراوە: "Odeya Pîşesazî û Bazirganiyê"
یەکەم وێنە لەگەڵ شاندێکی رووسیادا گیرا
ئایدار گاشیگولین، نوێنەری بازرگانیی رووسیا لە تورکیا، کە بۆ بەشداریکردن لە 17یەمین پێشانگای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پەلەوەر و پیشەسازیی شیرەمەنیی میزۆپۆتامیا لە ئامەد بوو، سەردانی ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەد ـی کرد.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەد پێشوازیی لە شاندە رووسییەکە کرد. دوای کۆبوونەوەیان کایا و شاندە رووسییەکە، لە بەردەم لۆگۆ نوێیەکەدا کە زمانی کوردیی بۆ زیادکرابوو، وێنەیان گرت.
زمانی کوردی بۆ سەر تابلۆکەش زیاد دەکرێت
بەگوێرەی زانیارییەکان، ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەد لە رۆژانی داهاتوودا زمانی کوردی بۆ سەر تابلۆکەشی زیاد دەکات.
محەممەد کایا، بە میدیا لۆکاڵییەکانی راگەیاند، "زمانی دایکمان، وەک چۆن لە خزمەتگوزارییەکانماندا بەکاریدەهێنین، بە هەمان شێوە لە لۆگۆکەشماندا بەکاریدەهێنین. پرۆسەیەکی یاسایی پێویست هەبوو، ئەو پرۆسەیە تەواو بووە. دەستمان کردووە بە بەکارهێنانی لە لۆگۆکەماندا. لە هەموو چالاکییەکانی ژوورەکەماندا، زمانی دایکیمان، زمانی کوردی، شانبەشانی زمانی تورکی بەکاردەهێنین. زمانی کوردی بۆ سەر هەموو تابلۆ و لۆگۆکانیشمان زیاد دەکرێت."
ئەنجوومەنی بازرگانی ئامەد، کە بە پێشەنگی ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەدی ئەمڕۆ دادەنرێت، لە ساڵی 1883 دامەزراوە. یەکەمین دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئامەد پێکهاتبوون لە: سەرۆک حاجی محەممەد ئەفەندی، ئەندامان؛ محەممەد ئەفەندی، حاجی حەسەن ئاغا، کرێکۆس ئەفەندی، ئۆسیب ئەفەندی، حاجی ئەحمەد ئەفەندی، تۆماس ئەفەندی، ئیستەپان ئەفەندی و کاراپەت ئەفەندی.
ئەنجوومەنی بازرگانی ئامەد بەپێی یاسای ژوورەکان، لە ساڵی 1910 ناوی گۆڕدرا بۆ ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئامەد و تاوەکو ئەمڕۆش لەژێر هەمان ناودا بەردەوامە لە کار و چالاکییەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ