ئێران: لە وێستگەکانی کارەبا بدرێت تەنگەی هورمز بە تەواوی دادەخەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی "خاتەم ئەلئەنبیا"ی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێکی واشنتن بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران، تەنگەی هورمز بە تەواوی دادەخەن و ژێرخانی وزەی ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی ناوچەکەش دەکەنە ئامانج کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن.
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە پەیامێکی توونددا وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند: "سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکەنە ئامانج. ئێمە چەندین جار گوتوومانە کە تەنگەکە تەنیا بەسەر دووژمناندا داخراوە و ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، بەڵام ئەگەر هەڕەشەکانی ئەمریکا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە چەند هەنگاوێکی سزادان دەگرینەبەر."
 
بە گوتەی زولفەقاری، پلانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا بەم شێوەیە دەبێت:
 
یەکەم: تەنگەی هورمز بە تەواوی دادەخرێت و تاوەکو ئەو کاتەی وێستگە تێکدراوەکانی ئێران سەرلەنوێ بونیاد دەنرێنەوە، تەنگەکە ناکرێتەوە.
 
دووەم: تەواوی وێستگەکانی کارەبا، ژێرخانی وزە و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئیسرائیل بە چڕی دەکرێنە ئامانج.
 
سێیەم: هەموو ئەو کۆمپانیا هاوشێوەیانەی لە ناوچەکەدا پشکی ئەمریکییان تێدایە، بە تەواوی تێکدەشکێندرێن.
 
چوارەم: وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، دەبنە ئامانجی رەوای ئێران.
 
گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی "تەواوی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا لەناو ببەن."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، زولفەقاری جەختی کردەوە، "ئێمە دەستپێشخەری شەڕ نەبووین و نابین، بەڵام ئەگەر دوژمن زیان بە وێستگەکانمان بگەیێنێت، بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان دەست لە هیچ ناپارێزین و پڕۆسەی لەناوبردنی ژێرخانی نەوت و وزەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە راناوەستێت."
 
بەرەبەیانیی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران لە ماوەی 48 کاژێردا تەنگەی هورمز نەکاتەوە، وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج و سەرەتاش لە وێستگە گەورەکان دەستپێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە