رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق باری ناچاری لە هەموو ئەو کێڵگە نەوتییانە راگەیاند کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە پەرەیان پێدراوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بوونەهۆی تێکدانی جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە و زۆربەی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەی راگرت.
سێ بەرپرس لە کەرتی وزە کە ئاگاداری بڕیارەکەن، زانیارییەکەیان پشتڕاستکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە نووسراوێکدا کە رۆژی 17ی ئادار دەریکردووە و ئاژانسی رۆیتەرز وێنەیەکی دەستکەوتووە دەڵێت: "کەشتیوانی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، کە رێڕەوی نزیکەی 20%ی نەوت و گازی شلی جیهانە، بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانەوە کاریگەریی زۆری کەوتووەتە سەر."
بەگوێرەی نووسراوەکە، زۆربەی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕێ و تێکچوونی رەوشەکە بووەتەهۆی ئەوەی کۆگاکانی بگەنە پڕببن.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە نووسراوەکەی دا دەڵێت: "هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە کەشتیی نەوتهەڵگر دابین بکەن بۆ بارکردنی نەوتی خاو، ئەمەش رێگری لە هەناردەکردن کردووە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ ئامادەبووە بۆ بارکردنی."
وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "لەسەر بنەمای ئەم دۆخە، وەزارەت فەرمانی کردووە بە راگرتنی تەواوەتیی بەرهەمهێنان لە ناوچە کاریگەرەکاندا و بەپێی گرێبەستەکانیش هیچ قەرەبوویەک لەبەرامبەر ئەم رێکارەدا نادرێ."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە 3.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل کەمکراوەتەوە، دوای ئەوەی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشووری وڵاتەوە راگیرا.
ئەو بڕە نەوتەی بەرهەم دەهێندرێ بۆ کارپێکردنی پاڵاوگەکان بەکاردەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ