رووداو دیجیتاڵ
لەم رۆژانەدا عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ قۆناخی پێش 2003 کەمبووەتەوە و بڕی هەناردەکراویشی بۆ بازاڕەکانی جیهان تەنیا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ بەندەری جەیهان، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، دەرچەکانی دیکەی وەکو سووریا و ئوردن بەخێرایی کاری تێدا نەکرێت بۆ زیادکردنی هەناردەکردن، ئەوا لەم مانگەدا بڕی هەناردەکردن ئەو 300 هەزار بەرمیلە دەبێ کە 250 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکووک و نزیکەی 50 هەزاریشی لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەم کەمبوونەوەیەش هاوشێوەی دابەزینی نرخی نەوت دووبارە ئەم پرسیارانەی زیندووکردەوە: عێراق دەتوانێت مووچە بدات کە داهاتی نەوتی بە رێژەی 90٪ کەمیکردووە؟ تاوەکو کەی دەتوانیت بەردەوام بێت؟ راستە کێشەی نەختینە "پارەی کاش"ـی بۆ دروستدەبێت؟ تاوەکو چەند دەتوانێت یەدەگی بانکی ناوەندی بەکاربهێنێت؟
پێش جەنگ، عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 566 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە و هەرێمی کوردستان هەناردەکردووە، بەڵام لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو 17ی مانگ بڕی هەناردەکردن نزیکبووە لە سفر و لە 18ی مانگەوە جارێکی دیکە دەستکراوە بە هەناردەکردنی نەوت بە بڕی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە بڕەکەی زۆر کەمبووە و لەنێوان 35 بۆ 40 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
بەپێی پەیمانگەی ئابووریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی نەوتی کەرکووک لە بازاڕەکانی ئەورووپا بە دوو دۆلار و لە بازاڕەکانی ئەمریکا بە دۆلار و نیوێک زیاتر لە برێنت دەفرۆشرێت، بەڵام نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا بە 4.7 دۆلار بۆ بەرمیلێک و بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بە 5.1 دۆلار کەمتر فرۆشراوە بەپێچەوانەی کەرکووکەوە.
راستە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو 110 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەگەر عێراق بتوانێت دەرچەی دیکە لە دەرەوەی ئەو بڕەی هەناردەی جەیهان دەکرێت زیاتر بکات ئەوا هەناردەکردنی یەک بەرمیل نەوت لەم رۆژانەدا وەک دوو بەرمیلی رۆژانی سەرەتای 2026، هەر بۆیەش دەبێت عێراق بڕی هەناردەکردن زیاتر بکات ئەگەر بە تانکەریش بێت.
لە رووی داهاتەوە، مانگی ئادار 2026 هێشتا دیار نییە چۆن دەبێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوو عێراق دوو مانگی زۆر خراپی بەهۆی دابەزینی نرخەکانەوە بەڕێکردووە، بەشێوەیەک لە مانگی ئادار 2014 و 2020 دا عێراق نزیکەی 2 ملیار دۆلارێک داهاتی بۆ هاتووەتەوە.
بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و داهاتەکەی لە کانوونی دووەمی 2011وە بۆ شوبات 2026
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا عێراق چەندین مانگی جیاواز رووبەڕووی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووەتەوە بە هۆکاری جیاواز، وەک مانگەکانی سەرەتای بڵاوبووونەوەی کۆرۆنا لە 2020دا، کە لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا داهاتەکەی 1.5 ملیار دۆلار بوو و کۆی ساڵەکە داهاتەکەی 41.9 ملیار دۆلار بووە.
هەروەها ساڵی 2016 جارێکی دیکە داهاتی مانگانەی عێراق کەمبووەوە و لە مانگەکانی سەرەتادا دوو ملیار دۆلارێک بوو و کۆی ساڵەکەش 43.5 ملیار دۆلار بووە. ئەو دوو ساڵەی سەرەوە هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە کەمی نەکردووە لە عێراقەوە، بگرە لە نیسانی 2020دا 3.43 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لەو مانگەدا نرخی نەوت گەشتە 15 دۆلار بۆ بەرمیلێک.
جیاوازییەکەی ئەم جارەی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق بە پێچەوانەی ساڵانی پێشووترە و بەهۆی کەمبوونەوەی نرخەوە نییە، بەڵکو بەهۆی نەمانی رێگەی هەناردەکردنەوەیە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە 2025دا، نەوت رێژەی 88٪ کۆی خەرجییەکانی دابینکردووە و 12٪ لە داهاتی نانەوتییەوە دابینکراوە.

تێبینی، خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوت لە شوباتی 2026دا لەسەر بنەمای تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی برێنت کە 63 دۆلار دانراوە.
بەپێی ژمارەکانی گرافیکی یەکەم داهاتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2026دا ئەگەر مانگی ئاداری 2026ش تەنیا ئەو بڕە بێت هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت ئەوا لەگەڵ مانگی یەک و دوودا دەگاتە دوو هێندەی ئەو بڕەی لە 2014دا بەدەستهاتووە، هاوشێوەی چارەکی یەکەمی 2020 و 2017 دەبێت. بەم شێوەیەش لە رووی داهاتەوە عێراق کێشەی نییە و بەپێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت کێشەیەکی ئەوتووی بۆ دروست نابێت، چونکە ئەزموونی لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو هەیە.
راستە لەو دوو قۆناخەی داهاتی نەوتی عێراق کەمیکردووە، خەرجییەکانی هێندەی ئێستا نەبوون و ژمارەی فەرمانبەرانیشی بە ملیۆنان زیادیکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق هەم دەتوانێت نرخی دینار لە هەمبەر دۆلار بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەکان دابەزێنێت و هەمیش خەرجییەکانی مانگانەی بەشێوەیەک کەمبکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانیش بگرێتەوە. ساڵی 2020 عەلی عەلاوی، وەزیری ئەوکاتی دارایی پڕۆژەیەکی بە ناونیشانی "کاخەزی سپی" پێشکێشکرد، نێوەڕۆکەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی بوو، بەڵام ئەوەی لەو کاخەزە جێبەجێکرا دابەزینی دینار بوو لە بەرامبەر دۆلار بۆ دابینکردنی خەرجییەکان.
لە رووی خەرجییەوە، دوایین داتای وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2025 کۆی گشتیی خەرجییەکانی لەو مانگەدا 14.3 تریلیۆن دینار بووە، 12.4 بەکارخستن و 1.8 بۆ وەبەرهێنان بووە. لە یەک مانگ خەرجیی فەرمانبەرانی عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان 4.47 تریلیۆن دینارە، خەرجی خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی 3.26 تریلیۆن دینارە، واتە کۆی گشتی 7.7 تریلیۆن دینارە، ئەگەر خەرجیی فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان کە 782 ملیار فەرمانبەران و 243 ملیاری خانەنشینی بۆ زیاد بکەین ئەوا دەگاتە 8.2 تریلیۆن دینار یان 6.3 ملیار دۆلار، بەڵام عێراق دەتوانێت ئەم بڕەش کەمبکاتەوە، چ خەرجی بەکارخستن بێت یاخود بەرهەمهێنان.
بۆ نموونە، لە کانوونی یەکەمی 2025دا کۆی خەرجییەکان 14.3 تریلیۆن دینار بووە کە 12.4 تریلیۆن دینار بەکارخستن و 1.8 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان بووە، بەڵام مانگێک پێشووتر کۆی خەرجییەکان 11.3 تریلیۆن دینار بووە، کە 10.3 بەکارخستن و 1 تریلیۆن وەبەرهێنان بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەو ساڵەدا کۆی خەرجییەکان کەمدەبێتەوە بۆ 9 تریلیۆن دینار، واتە ئەم سیستمە ئابوورییە لە مانگێکیدا دەتوانێت 5 تریلیۆن دینار گۆڕانکاری لە زیادکردن و کەمکردن تێدا رووبدات.
داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەریدەخات بانکەکە یەدەگێکی 97.4 ملیار دۆلاری یان 126 تریلیۆن دیناری و یەدەگێکی زێڕی بە بەهای 31 تریلیۆن دینار دەکات، واتە کۆی یەدەگی عێراق 157 تریلیۆن دینارە، کە راکێشانی مانگانەی 8 بۆ 9 تریلیۆن دینار ئەگەر هیچ داهاتێکی نەبێت بۆ بەردەوامیدان بە خەرجی مووچە و بەکارخستن وەکو ساڵانی 2014 و 2020 کێشە دروست ناکات.
لە کۆتاییدا، کەمبوونەوەی داهات لە یەک مانگ دا ئەگەر کێشە دروستبکات، ئەوا کاتییە و بە مانگەکانی داهاتوو پڕدەکرێتەوە، هەر بۆیەش عێراق دەتوانێت مووچە بدات چ وەک 2020 بە دۆلاری کەم دیناری زۆری هەبێت یان وەک 2016 یەدەگی بانکی ناوەندی بەکاربهێنێت یان وەکو مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2025 کە خەرجییەکانی کەمکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ