رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەڵێ، ئێران رێگەی بە کەشتیی چەند وڵاتێکی دۆست داوە، لەوانەش چین، هیندستان، پاکستان و مالیزیا داوە کە بە سەلامەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن. هاوکات پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکی نوێن بۆ وەرگرتنی "باجی تێپەڕین" لە کەشتییەکان.
پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی
دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی مانگی رابردوودا ئێران گەمارۆی خستە سەر تەنگەی هورمز کە پێنج یەکی نەوت و گازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت. بەپێی ئامارەکان، هاتووچۆی رۆژانەی کەشتییەکان لە 130 کەشتییەوە بۆ تەنیا 3 بۆ 4 کەشتی کەمبووەتەوە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 2,000 کەشتی و 20,000 دەریاوان لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە. موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم پەیامیدا رایگەیاند کە "دەبێت کارتی گوشاری داخستنی تەنگەی هورمز بەردەوام بەکاربهێندرێ."
رێڕەوی نوێ و باجی تێپەڕین
بەگوێرەی راپۆرتێکی "لۆیدز لیست"، لانیکەم نۆ کەشتی توانیویانە لە رێگەی رێڕەوێکی ئاوە هەرێمییەکانی ئێران لە دەوروبەری دوورگەی "لاراک" تەنگەکە جێبهێڵن، کە لەوێ سوپای پاسداران و دەسەڵاتدارانی بەندەرەکان چاودێرییان دەکەن. زۆربەی ئەم کەشتییانە سەر بە هیندستان و پاکستان بوون یان ئەو کەشتییانەی وەک "کەشتییەکانی سێبەر"ی ئێران ناسراون و ئاڵای وڵاتانی وەک ئاروبایان هەڵکردووە.
ئاژانسی هەواڵگریی دەریایی "ویندوارد"یش باس لەوە دەکات کە رێڕەوێکی نوێ پەیدا بووە کە تێیدا کەشتییەکان لەبری رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان، بە کەناراوەکانی ئێراندا دەڕۆن. رێچارد مید، سەرنووسەری لۆیدز لیست دەڵێت، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی لەرێگەی کەناڵی ناڕاستەوخۆوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسە دەکەن، بەڵام هۆشداری دەدات کە "سەلامەتی گەرەنتی نەکراوە."
دیپلۆماسیی نەوت و هەوڵەکانی عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە حکومەتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ تاران بۆ ئەوەی رێگە بە تانکەرە نەوتییەکانی عێراق بدرێ تێپەڕ بن. هەروەها سوبراهمانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان دەڵێ، گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێراندا هەبووە بۆ پاراستنی دوو تانکەری گازی وڵاتەکەی و گفتوگۆکانیش بەردەوامن.
نەرمیی واشنتن و شۆکی بازاڕ
لە سەرەتای جەنگەکەوە لە 28ی شوبات، نرخی نەوت نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، ئیدارەی ترەمپ بۆ هێورکردنەوەی بازاڕ، سزاکانی سەر بەشێک لە نەوتی ئێرانی هەڵگرتووە و رێگەی بە تانکەرەکانی ئێران داوە لە تەنگەکە تێپەڕ بن. هەروەها کۆشکی سپی بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئەو نەوتەی رووسیاشی هەڵگرتووە کە لە نێو دەریادایە.
برێت ئیریکسۆن، پسپۆڕی بواری سزاکان دەڵێت ئەم هەنگاوانەی واشنتن نیشانەی "بێ ئومێدیی و دۆخی چەقبەستووی" ئەمریکایە، چونکە زۆر قورسە واشنتن بتوانێت گوشارێکی کاریگەر دروست بکات.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانیش داوای لە وڵاتان کردووە رێگەیەک بۆ دەربازکردنی کەشتییە گیراوەکان بدۆزنەوە. ئارسینیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێکخراوەکە، هۆشداری داوەتە کەشتییەکان کە خۆیان نەخەنە ناو مەترسیی تێپەڕینی نایاسایی، چونکە نایانەوێ ژیانی دەریاوانان زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ