ئابووری
کارمەندێک لە وێستگەیەکی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کارکردنە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا کەم کردووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ کەمتر لە 21 هەزار مێگاوات دابەزیوە و ناتوانین قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکەینەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "بەهۆی کەم بوونەوەی رێژەی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە، 3500 مێگاوات لە کۆی بەرهەمی کارەبا دابەزیوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بەرهەمهێنانی کارەبا لە نزیکەی 24 هەزار مێگاواتەوە بۆ کەمتر لە 21 هەزار مێگاوات دابەزیوە و لەم دۆخەدا ناتوانن ئەو کورتهێنانە پڕ بکەنەوە.
ئەحمەد عەبادی دەڵێت، "بەپێی رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران، دەبوو لەم مانگەدا رۆژانە 45 ملیۆن مەتر سێجا گازمان بۆ هەناردە بکات، بەڵام رۆژانە تەنیا 20 ملیۆن مەتر دەگاتە وێستگەکانمان، کە ئەمەش وایکردووە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنان بەتەواوی لەکار بکەون."
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی گازی هاوردەکراوی ئێرانی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، "تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران لە بارەی هۆکاری بەرزنەکردنەوەی رێژەی هەناردەی گاز روونکردنەوەی پێنەداوین و لەگەڵیان پەیوەندیداین و دەمانەوێت بە زوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
بە بڕوای ئەحمەد عەبادی، "ئەم کێشەیە بەمجۆرە بەردەوام بێت لە هاویندا کێشەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە وەرزی هاوین پێویستمان بە هاوردەکردنی زیاتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەیە، لەبەر ئەوەی خواستی هاووڵاتییان لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی 55 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە."
رۆژی 8ـی ئاداری ئەم ساڵ، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات، بەڵام سەرەڕای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، عێراق هێشتا گاز لەو وڵاتەوە هاوردە دەکات.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، 30%ی کارەبای عێراق بە پشتبەستن بە گازی ئێران بەرهەم دەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ