رووداو دیجیتاڵ
هۆنگ کۆنگ، ئەو هەرێمەی کە سەنتەری بازرگانیی جیهانە، بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی ئاژانسی نایف فرانک، زیاتر لە پێنج هەزار کەس سەرمایەکەیان سەروو 30 ملیۆن دۆلارە و 280 هەزار ملیۆنێری تێدا دەژین. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، تاوەکو دێت چینێک لە کۆمەڵگەی هۆنگ کۆنگ هەژارتر دەبن. پشێوییە سیاییەکان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش دۆخیانی هێندەی دیکە سەخت کردووە.
لە ئاپارتمانێکی 27 مەتر دووجادا خێزانێکی چوار کەسی دەژین، یەک کەسی خێزانەکە کار دەکات، رۆژانەش کە بۆ کارکردن دەچێتە دەرەوە بە دەستی بەتاڵ دێتەوە، مانگانەش بە دەگمەن چوار بۆ پێنج رۆژ کاری دەستدەکەوێت.
رەینبۆ، ژنی ماڵەوە دەڵێت "رۆژانە نیگەرانم. یەکەم شت نیگەرانی دۆخی دارایی و خەرجییەکانم. شەوانە هەست بە پەرێشانی دەکەم، ناتوانم بخەوم و زۆر دڵتەنگم. ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەست و سۆزمان دروستکردووە. هەموو کەسێک هەست بەو گوشارە دەکات".
داهاتی تاکەکەس لە هۆنگ کۆنگ 48 هەزار دۆلارە کە هاوشێوەی ئەڵمانیایە، بەڵام جیاواز لەو وڵاتە ئەوروپییە، لە هۆنگ کۆنگ جیاوازییەکی زۆری بەدەستهێنانی داهاتی خێزان هەیە. ئامارەکانی حکومەتی ئەو هەرێمە نیشانی دەدەن بێکاری گەیشتووەتە 7.2%، ئەوەش بەرزترین رێژەی بێکارییە لە 17 ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.
ماگی، ژنی ماڵەوەیە و ئاماژە بەوە دەکات "گەورەترین ترسم ئەوەیە هاوسەرەکەم کارەکەی لەدەستبدات. لە هەموو خێزانەکەماندا تاکە سەرچاوەی داراییمان ئەوە. ئێمە ئێستا ژەم بۆ ژەم دەژین. ئەگەر بێتو هەر زیادەیەکی خەرجکردنمان هەبێت، لەوانەیە نەتوانین بەرگەی بگرین".
هۆنگ کۆنگ لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە حکومەتی چینە. ساڵی 2019 بەهۆی چەند بڕیارێکی پەکینەوە پشێوی و ئاڵۆزی ئەو هەرێمەی گرتەوە، بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک، شوێنە گشتییەکان بۆ ماوەیەک داخران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ