د. فوئاد حوسێن بۆ رووداو: دوای مووچەی مانگی 5، مووچەی مانگی 6 و 7یش دێت

22-07-2025
مالیک محەممەد
د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە
د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە لە پەخشی راستەوخۆدا بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئیشەڵڵا مووچەی مانگی پێنج رەوانە دەکرێت. دواتریش مووچەی مانگی 6 و 7یش دێت."
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، لە پەخشی راستەوخۆدا د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری بوڵتەنی نیوڕۆژی رووداوی راگەیاند: "کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتوو (6 و 7)یش خەرج دەکرێت."
 
د. فوئاد حوسێن باسی لەوەشکرد، لە بەغدا باسی مووچەی مانگی 7 دەکرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەدوای ناردنی مووچەی مانگی پێنج، (مانگی شەش) یش رەوانە بکرێت.
 
ئەو وەزیرە کوردە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە گفتوگۆدا بووە لەبارەی مووچە و دەڵێت: "لەم ماوەیەدا جەنابی سەرۆک بارزانی لەم ماوەیەدا زۆر خەمخۆری گەلی کوردستان بوو، پرسیاری دەکرد [پرسی مووچە] بەرەو کوێ دەڕوات."
 
د. فوئاد حوسێن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی کردووە و رایگەیاند: "بۆ چارەسەری کێشەکە پەیوەندیم پێوەی کردن، تاوەکو لێکتێگەیشتن هەبێت."
 
هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی وەزیرە کوردەکانی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و گوتی: "هەموومان لە پەیوەندیدابووین لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق و دەوروبەری کاژێر 10:00 گەیشتین بەوەی کە کێشەکە چارەسەر کراوە."
 
بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانەوە؟ سەنگەر عەبدولڕەحمان ئەم پرسیارەی ئاراستەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ئەویش گوتی: "رێککەوتنەکە بەوجۆرەیە، ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، دەبێت رەوانەی دەرەوە بکرێت، جگە لەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئێستا کێشە هەیە."
 
لەبارەی ئەو کێشانەی لەبەردەم نەوت دا هەن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "کێشە لە کێڵگە و بۆرییەکانی نەوت هەیە، بەڵام پێم وایە چارەسەر دەکرێت." 
 
د. فوئاد حوسێن لەبارەی ئەو راپۆرتەی لە هەولێرەوە ئاراستەی بەغدا کراوە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان: "لە نووسراوەکەدا باس لەوە کراوە کە توانای بەرهەمهێنانی 81 بەرمیل نەوت کراوە، بەپێی رێککەوتنەکەی ئێمە، 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆ بەکاردەهێندرێت، 31 هەزارەکەش دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت." 
 
"لەدوای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، نەوتی زیاتر رەوانەی دەرەوە دەکرێت. هەرچەندە خۆی لە بودجە نووسراوە کە دەبێت 400 هەزار بەرمیل رەوانە بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی نییە." جێگری سەرۆکوەزیران وای گوت.
 
هەر دوێنێ شەو د. فوئاد لەگەڵ لەگەڵ کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیوەندی تەلەفۆنی کردووە و لەو بارەیەوە گوتی، "پەیوەندییەکەمان لەبارەی گرفتە بچووکەکانی بەردەم کارکردنی ئەو کۆمپانیا ئەمریکیانە بوو لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، ئەوەشمان چارەسەر کرد و بەڵگەنامەکانمان بۆ سەرۆکوەزیران نارد."
 
لە کۆتاییدا، د. فوئاد لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو دووپاتی کردەوە، "بابەتی نەوت و مووچە کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی، ئەگەر هەردوولا پێوەی پابەند بن ئەوا هیچ کێشەک دروست نابێت."
 
کەمێک لەمەوپێش، وەزارەتی دارایی عێراق بە راگەیێندراوێک، خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە