رووداو دیجیتاڵ
لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر لە سوچێکی مەیدانەکە ئاژەڵی نەخۆش و لەڕ و لاواز لە رێگەی مەزادەوە کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، کە لەشی ئاژەڵی بچووک و گەورە بەگوێرەی باش و خراپی تەندروستی ئاژەڵەکە نرخەکەی دیاری دەکرێت.
محەممەد باڵەکی، ئاژەڵفرۆشێکی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێرە و دەڵێت، "بە 10 هەزار دینار ئاژەڵەکەم فرۆشت، مەڕەکە نەخۆشبوو هەر چەند چارەسەرم کرد چاکنەبووەوە کڕیارەکان بۆ چێشتخانەیەک کڕییان، ئەوان ئێسکەکەی دەکەنە تەشریب و گۆشتەکەشی دەکەنە کەباب."
غازی محەممەد، ئاژەڵفرۆشێکی دیکەی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێرە و دەڵێت، "لەم مەیدانە نرخەکان دیارنین لە 10 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200 هەزار دینار."
ئاژەڵفرۆشانی مەیدانەکە دەڵێن، ئاژەڵی نەخۆش بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە. پەیامنێری رووداو بۆ ئەوەی بزانێت کێن ئەوانەی ئاژەڵی نەخۆش دەکڕن چووە بەشێک لە دووکانەکانی گۆشتفرۆشی لە هەولێر؛ قاسم محەممەد، گۆشتفرۆشێکە لە هەولێر و گوتی: "قەسابە لاکۆڵانەکان ئاژەڵە نەخۆشەکان دەکڕن و بە چێشتخانە بێ مۆڵەتەکانی دەفرۆشنەوە ئەو چێشتخانانەی شێخەڵا و سەر رێگاکان."
لە بەشێک لە دووکانی گۆشتفرۆشانی هەولێر بەبێ ئەوەی پشکنینی تەندروستی بۆ ئاژەڵ بکرێت؛ ئاژەڵی ساخ و ناساخ لەسەر شەقامەکان سەردەبڕدرێت و دەفرۆشرێت.
دکتۆر ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، "پێویستە ئاژەڵ لە سەربڕخانە سەرببڕدرێت نەک لەسەر شەقام، ئێمە دوو پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەین یەکیان بەر لە سەربڕینی ئەوەی دیکەیان دوای سەربڕینی."
بۆ رێگریکردنی لە فرۆشتنی ئاژەڵی نەخۆش بڕیارە خەندەقێک بە دەوری مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر لێبدرێت و هێزێکی ئەمنیش لە بەردەم مەیدانەکە جێگیر بکرێت. دکتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر رایگەیاند، "ئەگەر خەندەق لێبدرێت و یەک دەرگەی چوون و هاتنی هەبێت، دەتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، "پلانێکمان هەیە و دەمانەوێت کێشەی مەیدانی ئاژەڵان چارەسەر بکەین بە رێگەی لێدانی خەندەق و دانانی هێز."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری هەولێر، لە 6 مانگی ئەمساڵ 65 گۆشتفرۆش، 40 مارکێت، 19 کۆگای خۆراک و 12 چێشتخانە بەهۆی خراپی و بێ کوالێتی گۆشتەکانیان داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ