رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوام بوو لە دابەزینە گەورەکانی رۆژی رابردووی خۆی و تاوەکو نزیکەی 4000 دۆلاریش دابەزی. نرخی زیویش کەمێک بەرزبووەتەوە و ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 49 دۆلارە.
لەدوای چەند کاژێر لە کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ لە نزیکەی 4000 دۆلارەوە بەرزبووەوە 4100 دۆلاری دەربازکردەوە. ئێستا ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4120 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دابەزینی نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەو کاتە دەستیپێکرد کە توانیی ئاستێکی مێژوویی 4381 دۆلار تۆماربکات، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی چین و ئەمریکا و زیادبوونی ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، بە خێرایی دابەزی بۆ نزیکەی 4080 دۆلار.
کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی گەورەی نرخی زێڕە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12دا بە هەمان شێواز دابەزی بۆ نزیکەی 4124 دۆلار.
مات سیمپسۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ستۆن ئێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، هۆکاری سەرەکیی توانەوەی نرخی زێڕ و پاشەکشەی گەورەی نرخی زێڕە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "نرخی زێڕ ئەو پاشەکشەی هەر دەکرد، دوای ئەوەی بە خێرایی ئاستی 4000 دۆلاری لە دوو هەفتەی رابردوودا دەرباز کرد."
مات سیمپسۆن پێیوایە پاشەکشەی نرخی زێڕ بەو رادە گەورەیە ئیدی تەواو بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بریارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە، گەشبینیی خۆی دەربڕیوە کە بتوانن لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتنێکی دادوەرانە.
نرخی ئۆنسەیەک زیو بە کەمتر لە 49 دۆلارە
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو 0.43%، یاخود 21 سەنت، بەرزبووەوە و گەیشتە 48.92 دۆلار. بەم پێیە، ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە 1,572 دۆلارە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 7% دابەزی و لە 52.06 دۆلارەوە هاتە 47.99 دۆلار. ئەمە زۆرترینی دابەزینی نرخی زیوە لە یەک رۆژدا لەدوای ئەیلوولی 2011ـەوە تۆمار کرابێت.
ئاماژەکانی هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، ئەگەری کرانەوەی حکومەتی ئەمریکا و وەرگرتنی قازانج، هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینە گەورەکەی نرخی زیون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات بگەنە رێککەوتنێکی بازرگانیی گونجاو لەگەڵ چین لەبارەی پێناسە گومرگییەکان، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی، رەنگە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نەکات لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
ئێستا بازرگانان چاویان لەسەر داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکایە بۆ مانگی رابردوو، کە بڕیارە کاژێر 15:30ی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە. لە مانگی ئابدا هەڵاوسان 2.9% بووە.
لە کۆتایی ئەم مانگەشدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکییەوە رادەگەیێنێت و پێشبینی دەکرێت 0.25% کەمی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ