نرخی خۆراک لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە مانگی رەمەزان چۆن دەبێت؟

23-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن رەمەزان مانگی رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزان، ساڵانە بەشێکی پێداویستییەکان نرخەکانیان بەرزدەبێتەوە و لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ دەیانەوێت  رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بگرن، بۆ ئەمساڵیش هاتنی مانگی رەمەزان و جەژنی نەورۆز، کەوتە یەک هەفتەوە بۆیە ئەمە کاریگەریی لەسەر بەهای هەندێک کاڵای خۆراکی لە بازاڕ کردووە.
 
 
قایمقامی هەولێر: هەرکەسێک بەبێ هۆکار نرخ گران بکات، سزای دەدەین 
 
لەبارەی گرانبوونی نرخی خۆراک لە شاری هەولێر. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، قایمقامیەت چەندین لیژنەی هەیە کە رۆژانە سەردانی شوێنەکان دەکەن، هیچ شتێک گران نەبووە، هەر شتێکیش بەبێ هۆکار گران بکرێت، خاوەنەکەی سزادەدرێت. 
 
لەبارەی فرۆشتنی هەندێک جۆری شەربەت لە مانگی رەمەزاندا لە بازاڕەکانی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "هەموو ئەو شەربەتە رەنگاو رەنگانەی لە هەولێر دەفرۆشرێت، ترشیات و شیرینی، هەموو ئەوانە لیژنەکانمان شوێنەکانیان دەپشکنن، بە نموونە ئەو شەربەتە رەنگاورەنگانە دەبێت رەزامەندی تەندروستیان وەرگرتبێت ئینجا بفرۆشرێت بە پێچەوانەوە سزادەدرێن".
 
نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی نرخی گۆشتی سووریش گوتی: "نرخەکانمان دیاری کردووە نەرمە بە 18، بەئیسک بە 16 و گۆشتی بەرخ بە 18 هەزار دینارە".
 
 
 
لە سلێمانی نرخی فاسۆلیا و چەند بەرهەمێکی دیکەی خۆراکی گران بووە 
 
لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، لیژنەکانی چاودێری بۆ کۆنترۆڵی کوالێتی و نرخی خواردەمەنییەکان لە سلێمانی دەستبەکاربوون "هەر شوێنێک شت گران بفرۆشێت، پسوولەی سەرپێچیکردنی بۆ دەردەکەن، ئەگەر بەرهەمەکانشیان زۆر گران فرۆشتبێت شوێنەکەیان دادەخەن''.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023، ئامانج جەمال، بەرپرسی هۆبەی چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی سلێمانی بە ئەرکان عەلی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە مانگی رەمەزاندا بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ و پێشگرتن لە سەرپێچی، بەدواداچوون بۆ هەموو خواردەمەنییەک لە بواری نرخ، کوالێتی و زۆر شتی دیکە دەکرێت.
 
ئامانج جەمال ئاماژەی بەوە کرد، پێشوەختە نرخی خواردەمەنییەکانیان وەرگرتووە و لەگەڵ نرخی دوکانداران بەراوردی دەکەن ''هەر شوێنێکیش گرانفرۆشی بکات، دەستبەجێ پسوولەی سەرپێچی بۆ دەکەین، ئەگەر گرانفرۆشییەکەی زۆر بوو، شوێنەکە دادەخەین''.
 
بەرپرسی هۆبەی چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، جگە لەوەی لیژنەکانیان بەردەوام لە بازاڕدا چاودێری دۆخەکە دەکەن. داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە هەر شوێنێک خۆراکی کوالێتی خراپ یان گرانیان بینی، پەیوەندییان پێوە بکەن.
 
بەگوتەی ئامانج جەمال، لە خۆراکەکان تەنیا نرخی فاسولیا بەرز بووەتەوە، هەموو شتەکانی دیکە نرخیان دابەزیوە. گوتیشی مانگانە دوو جار نرخی خۆراکەکان لە بازاڕ وەردەگرن و لەگەڵ نرخی مانگی پێشوو بەراوردیان دەکەن.
 
 
نرخی ئەو کاڵا خۆراکییانەی لە شاری سلێمانی گران بوون:
 
25 کگم فاسولیای تورکی، 10 هەزار دینار گرانبووە
25 کگم فاسولیای ئێرانی، 20 هەزار دینار گرانبووە
30 کگم لەتەنۆکی تورکی، 3 هەزار دینار گرانبووە
25 کگم برنج، یەک هەزار دینار گرانبووە
50 کگم شەکر، دوو هەزار دینار گرانبووە
25 کگم برنجی گردە، 5 هەزار دینار گرانبووە
10 کگم قەیسی، یەک هەزار دینار گرانبووە
 
نرخی کیلۆیەک گۆشت لە سلێمانی بووەتە 20 هەزار دینار 
 
ماوەیەکە لە سلێمانی نرخی گۆشت بەرزبووەتەوە و نرخی کیلۆیەک گۆشت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە بە 20 هەزار دینار دیاریکراوە.
 
ئامانج جەمال پێیوایە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و مریشک ئەوەیە؛ لە مانگی رەمەزان و بەهاردا، خواستێکی زۆریان لەسەرە، هەروەها دەشڵێت ''ئاژەڵیش کەمە، بەڵام تاوەکو ئێستا نرخی گۆشت لە 20 هەزار دینار تێنەپەڕیوە ئەوەی کە باس لە نرخی زیاتریش دەکرێت، پڕوپاگەندەیە.''
 
بەرپرسی هۆبەی چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی رەمەزاندا، لیژنەکانی چاودێری لە کاتی بەیانیان، نیوەڕۆیان و هەروەها شەوانەش سەردانی دووکان و بازاڕ و مارکێتەکان دەکەن.
 
 
لە دهۆک هەندێک لە پێداویستییەکان گران بوون و هەندێکیان هەرزان بوون 
 
لە پارێزگای دهۆک نرخی هەندیک پێداویستی گران بووە. میللەت زکری، سەرۆکی لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەوەندی پێشتر تێبینیمان کردبوو نرخی هەندێک شت گران بوون و نرخی هەندێک پێداویستی دیکەش هەرزان بوو، ئەمڕۆش یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە لیژنەکانمان سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن و هەوڵدەدەین رێگە بە بەرزکردنەوەی نرخی گۆشت، شەربەت و هەندێک پێداویستی دیکەی رەمەزان نەدەین".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە