رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە هاتووچۆ لە کەناڵی پەنەما و تێچووی تێپەڕبوونی راستەوخۆ زیادبوون. هەر کەشتییەک بیەوێت نۆرە نەگرێ، چوار ملیۆن دۆلار دەدات.
بەگوێرەی راپۆرتی دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی، پاڵاوگەکانی ئاسیا لەبری کڕینی نەوت و گاز لە وڵاتانی کەنداو کە پشت بە تەنگەی هورمز دەبەستن، روویان لە کڕینی نەوت و گاز لە ئەمریکا کردووە و لە رێگەی ئەو رێڕەوە ئاوییەوە دەیگوازنەوە.
کارگێڕیی کەناڵی پەنەما دەڵێ، تێکڕای ژمارەی ئەو کەشتییانەی رۆژانە بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێدەپەڕن "لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە." لە مانگی یەکدا 34 کەشتی و لە مانگی ئاداردا 37 کەشتی بووە. لە هەندێک رۆژیش 40 کەشتی تێپەڕیوون.
کارگێڕی کەناڵەکە رایگەیاند، "ئەم زیادبوونە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانە لە شێوازەکانی بازرگانیی جیهانی و دۆخی بازاڕ، لەنێویاندا هۆکارە جیۆسیاسییەکان کە کاریگەرییان لەسەر رێڕەوە سەرەکییەکان هەیە."
ئەو کەشتییانەی بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕن، زۆر پێشوەخت شوێنی خۆیان تۆمار دەکەن. ئەو کەشتییانەشی زووتر خۆیان تۆمار ناکەن و شوێن ناگرن، بە تێکڕا پێنج رۆژ چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بتوانن تێپەڕن، بەڵام زیادکردنێکی ئاشکرا هەیە کە دەتوانرێ لە دوایین ساتەکاندا شوێنی تێپەڕبوون بکڕدرێت.
کارگێڕی کەناڵەکە رایگەیاند، لە دوایین زیادکردنی ئاشکرادا بڕی 4 ملیۆن دۆلار بۆ کەشتییەکی گازی سرووشتیی شل پێشکێشکراوە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگر بڕی زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلاریان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە کەناڵەکە بپەڕنەوە و لە نۆرەدا چاوەڕێ نەکەن.
تێکڕای نرخی زیادکردنەکان لە نێوان تشرینی یەکەمی پار و شوباتی ئەم ساڵدا نزیکەی 130,000 دۆلار بووە و لە مانگەکانی ئادار و نیساندا بۆ 385,000 دۆلار بەرزبووەتەوە.
5%ی بازرگانیی دەریایی جیهان بە کەناڵی پەنەمادا تێدەپەڕێ و بەکارهێنەرە سەرەکییەکانیشی ئەمریکا و چینن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی دارایی 2026، کە لە تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەیلوول دەخایەنێت، رێڕەوە ئاوییەکەی پەنەما تێپەڕبوونی 6,288 کەشتیی تۆمارکردووە، کە بە بەراورد بە پار بە رێژەی 3.7% زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ