بەربژێری ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا: سەربەخۆیانە کار دەکەم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێ، سەربەخۆیانە کار دەکات و ترەمپ داوای لێنەکردووە رێژەی سوود بۆ ئاستێکی دیاریکراو کەمبکاتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، کێڤن وارش، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چووە لیژنەی کاروباری بانکی لە ئەنجوومەنی پیران بۆ روونکردنەوەی سیاسەتەکانی.
 
وارش داوای چەندین گۆڕانکاری لە شێوازی بڕیاردانی بانکی ناوەندیی ئەمریکادا کرد، لەوانە چوارچێوەیەکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوسانی بەردەوام و میکانیزمێکی نوێ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک. بەڵام وردەکاریی پێویستی نەخستەڕوو و خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەربارەی ئاراستەی رێژەی سوود بەدوورگرت.
 
کێڤن وارش رایگەیاند، ترەمپ هەرگیز داوای لێنەکردووە پابەندبێت بە هیچ بڕیارێکی دیاریکراو لەبارەی رێژەی سوودەوە.
 
وارش لە وەڵامی پرسیاری دیموکراتەکاندا سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ گوشارەکانی ترەمپ گوتی: "سەرۆک منى بۆ ئەم پۆستە بەربژێر کردووە و ئەگەر وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی پەسەند بکرێم، سەربەخۆ دەبم."
 
ترەمپ بەیانیی رۆژی سێشەممە گوتی، ئەگەر وارش دوای وەرگرتنی پۆستەکەی دەستبەجێ رێژەی سوود کەم نەکاتەوە، ئەوا نائومێد دەبێت. 
 
ئێستا رێژەی سوود لە ئەمریکا 3.50٪ بۆ 3.75٪ـە. ترەمپ داوای کردووە ئەم ساڵ رێژەکە بۆ نزیکەی 1٪ کەمبکرێتەوە. بەربژێرەکەشی وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە ئایا پشتیوانیی داواکەی ترەمپ دەکات یان نا.
 
بەربژێرەکەی ترەمپ دەڵێ، بەرزبوونەوەی خێرای نرخ هێشتا کێشەیە بۆ ئەمریکییەکان؛ گوتیشی، "راستە هەڵاوسان دابەزیوە، بەو واتایەی کە خێرایی بەرزبوونەوەی نرخ لە چاو ساڵانی پێشوو کەمتر بووەتەوە، بەڵام بێ گومان ئەمریکییە کرێکارەکان هەستی پێدەکەن." 
 
پەسەندکردنی وارش لە ئەنجوومەنی پیران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. تۆم تیلیس، سیناتۆری دیموکراتەکان بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی بانکەکە و جیرۆم پاوڵی سەرۆکی ئێستا دانەخات. لێکۆڵینەوەکە پەیوەندی بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەیە کە زۆر لەو بڕە زیاتری تێچووە پێشتر راگەیێندرابوو.
 
سەرەتای ئەم ساڵ ترەمپ بەربژێرکردنی کێڤن وارشی بۆ سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە راگەیاند. ئەمە لەکاتێكدایە 15ـی مانگی داهاتوو خولی سەرۆکایەتیی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئێستای بانکەکە کۆتایی دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکە وەک بەشێک لە (کەشتیگەلی سێبەر)ی ئێران. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: کەشتییەک لە زەریای هیندیدا/ئەرشیڤ

ئەمریکا دەستی بە سەر کەشتیی (تیفانی) دا گرت

هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێک لە زەریای هیندی، دەستیان بە سەر کەشتییەکی هەڵگری نەوتی خاودا گرت کە سزای لەسەرە. ئەم کەشتییە ناوی تیفانییە و وەک بەشێک لە (کەشتیگەلی سێبەر)ی ئێران دەبینرێت