نرخی مریشک دابەزی و کیلۆی 3500 دینارە

23-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ
 
نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی و کیلۆی بە نزیکەی 3 هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.
 
نێوەڕاستی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە 4 هەزار دینار. راوێژکارێکی وەزارتی کشتوکاڵ دەڵێت، هۆکاری دابەزینی نرخ لەم کاتەدا هەبوونی جووجکی زۆرە کە لە کێڵگەکان بۆ رەمەزان و جەژن بەخێوکراون.
 
کاروان محەممەد، مریشکفرۆش لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کیلۆیەک مریشک لە شارەکە 3 هەزار و 400 دینارە.
 
هەروەها بەشدار رەشۆ، مریشکفرۆش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی مریشک دابەزیوە و کیلۆی 3 هەزار و 500 دینارە.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە بەشدار رەشۆ گوتی، "دەگوترێت رێگە نادرێت مریشک هەناردەی پارێزگاکانی عێراق بکرێت؛ بۆیە نرخ لە نزمبوونەوەدایە".
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەناردەی مریشک قەدەخە نەکراوە؛ مریشکی ورد بۆ ئەوێ هەناردە دەکرێت و قەڵەو بۆ بازاڕەکانی خۆمانە".
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکەنە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "هۆکاری دابەزینی نرخ ئەوەیە جووجکی زۆر بۆ رەمەزان و جەژن خراونەتە نێو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر؛ هەروەها خواست و خستنەڕووش هۆکاری دابەزینی نرخە".
 
بەگوێرەی وەرز و کات نرخ دەگۆڕدرێت. رزگار حەمەد خدر دەڵێت، ئێستا بەخێوکردنی جووجک تاوەکو دەبێتە مریشک و دەخرێتە بازاڕەوە، کیلۆی 2 هەزار و 500 دیناری تێدەچێت.
 
سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو نێوەڕاستی مانگی شوبات، کیلۆیەک مریشک لەنزیک 2 هەزار و 500 دیناردا دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانیان؛ دواتر نرخەکە بەرزبووەوە بۆ چوار هەزار دینار.
 
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر میشکی زیندووە تاوەکو بەستوو، بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە.
 
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.