رووداو دیجیتاڵ
نرخی دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵی گەیشتە نزیکەی 4 هەزار و 900 دۆلار. شرۆڤەکارانیش دەڵێن، دوور نییە بگاتە 10 هەزار دۆلار.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، نرخی ئیسیریۆم گەیشتە 4 هەزار و 880 دۆلار کە بەرزترین ئاستە لە مێژوودا.
پێشتر لە تشرینی دووەمی 2021، نرخی دراوەکە گەیشتبووە 4 هەزار و 878 دۆلار.
هەرچەندە دواتر نرخی ئیسیریۆم دابەزی و ئێستا بە 4 هەزار و 693 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام پێشبینییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی زیادبوون.
بەرزبوونەوەی نرخی ئیسیریۆم دوای ئەوە هات دوێنێ هەینی، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، مەترسییەکان کەمبوونەتەوە و دەکرێت ئێستا سیاسەتی نەختینەیی دەستکاری بکەن.
ئەم قسەیەی پاوڵ وەک ئاماژەیەک لێکدرایەوە کە ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا رێژەی سوود کەمدەکاتەوە.
پێش قسەکانی پاوڵ، هەر ئیسیریۆمێک بە 4 هەزار و 260 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا. واتە تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا نرخی ئیسیریۆم زیاتر لە 400 دۆلار گرانبووە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە باری ئاساییدا نرخی دۆلار دادەبەزێنێت و زێڕ و دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزدەکاتەوە.
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی ئەم دواییانەی ئیسیریۆم، بۆ هاتنەناوەوەی وەبەرهێنانی دامەزراوەیی گەورە دەگەڕێتەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ملیارێک دۆلار خراوەتە نێو سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین، دامەزراوەکانیش کڕینی ئەو دراوەیان زیادکردووە.
نەیت گێراچی، شرۆڤەکاری بواری دارایی رایگەیاند: "وا هەست دەکرێت سندووقەکانی ئاڵوگۆڕی ئیسیریۆم بە کەم سەیرکرابن، ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی وەبەرهێنەرە نەریتییەکان لە ئیسیریۆم تێنەدەگەیشتن. بەڵام ئێستا گوێبیستی دەستەواژەی وەک 'بناخەی بازاڕە داراییەکانی داهاتوو' دەبن و ئەمە سەرنجی راکێشاون."
شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەمجارە بناخەی ئیسریۆم زۆر بەهێزترە بەراورد بە ساڵی 2021، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئامانجی وەک 10,000 دۆلار بۆ یەک ئیسیریۆم و تەنانەت زیاتریش لە راستی دوور نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ