رووداو دیجیتاڵ
سووریا پلانی هەیە دراوی نوێ چاپ بکات و دوو سفر لەسەر لیرەکەی لابدات، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە دراوەکە و ئاسانکاری لە مامەڵەکانی رۆژانە. ئەم هەواڵە بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزە کە پشتی بە حەوت سەرچاوە و بەڵگەنامە بەستووە.
ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزکردنەوەی لیرەی سوورییە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی 14 ساڵەی وڵاتەکەوە کە بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی رابردوودا کۆتاییهات، نرخەکەی بەشێوەیەکی مێژوویی دابەزی.
لیرەی سووری لە ساڵی 2011ـەوە زیاتر لە 99%ی بەهاکەی لەدەستداوە. بەهای دۆلارێک لە 50 لیرەوە بۆ نزیکەی 10 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە. ئەو دابەزینە تووندە وایکردووە مامەڵەی رۆژانە و گواستنەوەی پارە زۆر ئەستەم بێت. بۆ نموونە، خێزانەکان بۆ کڕینی پێداویستی هەفتانە، کیسی پلاستیکی رەشیان پێیە کە نزیکەی نیو کیلۆگرام لە دراوی پێنج هەزار لیرەیی تێدایە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە رۆیتەرز بینیویەتی، بانکی ناوەندیی سووریا لە نێوەڕاستی مانگی ئابدا بانکە تایبەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە پلانی هەیە دراوی نوێ دەربکات و "سفرەکان لاببات" بە ئامانجی ئاسانکردنی مامەڵەکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی دراو.
پێنج سەرچاوە لە بانکە بازرگانییەکان، سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی و بەرپرسێکی ئابووریی سووریا بە ئاژانسە هەواڵییەکەیان راگەیاندووە کە بانکی ناوەندی پێی گوتوون دوو سفر لەسەر دراوەکە لادەبرێ.
دوو سەرچاوەی سووریا و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار رایانگەیاندووە، سووریا لەگەڵ کۆمپانیای (گۆزناک)ی حکومیی رووسیا رێککەوتووە بۆ چاپکردنی دراوە نوێیەکان.
بە گوتەی سەرچاوەکان، رێککەوتنەکە لە کاتی سەردانێکی شاندێکی باڵای سووریا بۆ مۆسکۆ لە کۆتایی مانگی تەممووزدا کرا.
کۆمپانیای (گۆزناک) لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەدیشدا دراوی بۆ سووریا چاپ دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ