رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دا. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "ئەگەر رێکارەکان تەواو بن، سبەی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. ئەگەر نا، رۆژی پێنجشەممە ئەو کارە دەکرێ، ئەگەر هیچ پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو نەیەتە پێش".
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 23ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی رادەست بکات، پاشان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێ.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەست بە رێکارەکانی ئامادەکردنی داهاتی نانەوتی کراوە. ئەگەر سبەی رێکارەکان تەواو بن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. ئەگەر تەواو نەبوون، ئەو هەنگاوە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە، ئەگەر پێشهاتی چاوەڕواننەکراوە نەیەتەپێش".
بە گوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، "ئەگەر هیچ بەربەستێک دروست نەبێ، هەفتەی داهاتوو پارەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز لە لایەن بەغداوە خەرج دەکرێ".
جگە لە داهاتی نانەوتی، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆسپی سەرەکیی بەردەم خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا دەڵێ: "خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ