زیو 103 دۆلاری تێپەڕاند؛ لە هەفتەیەکدا نزیکەی 13 دۆلار گرانبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی هەینی لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 7.48٪، یاخود 7.19 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 103.38 دۆلار.
 
بەم پێیە ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا کیلۆیەک زیو بە 3,324 دۆلارە.
 
لە مامەڵەکانی داهاتووشدا، ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 4 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 101.33 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە مێژووی مامەڵەکاندا تۆمارکرابێت.
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا، ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 13 دۆلار گرانبووە.
 
هۆکارەکەی بەرزبوونەوەکەی نرخی زیو بۆ دابەزینی نرخی دۆلار، گرژییە جیۆسیاسییەکان و ناسەقامگیریی باری ئابووری جیهان دەگەڕێننەوە.
نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان پاشەکشەی کردووە، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی گرژیی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر پلانی کڕینی گرینلاند لە لایەن ئەمریکاوە.
 
نیگەرانییەکان لەوە سەرچاوە دەگرن کە ترس هەیە ئەورووپا سەرمایە و داراییە زەبەلاحەکانی لە ئەمریکا وەک کارتێکی گوشار بەکاربهێنێت، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران روو لە کڕینی زیو بکەن.
 
هاوکات، بڕیارە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت؛ پێشبینیی سەرەکی ئەوەیە بانکەکە رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام بازاڕەکان هێشتا چاویان لەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دوو جار رێژەی سوود کەمبکرێتەوە. 
 
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی کردووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان دروست کردووە.
 
تەنیا هۆکارە سیاسی و داراییەکان نین کە زیویان گرانکردووە، بەڵکو چینیش وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەران، کۆنترۆڵی تووندی خستووەتە سەر هەناردەکردنی زیو، ئەوەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی کەمیی خستنەڕووی ئەو کانزایە لە بازاڕەکاندا.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە