وەزیری وزەی ئێران: ژێرخانی کارەبای ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو زۆر لاوازە و بە هێرشێک دەڕووخێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، ژێرخانی کارەبای وڵاتەکەی بەهۆی پەرشوبڵاویی وێستگەکانەوە لە کاتی هێرش و تەنگژەکاندا خۆڕاگرە، بەڵام هۆشداری دەدات کە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بەهۆی چڕکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزە لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا، "زۆر هەستیار و لاوازن" و بە هێرشێکی کەم پەکیان دەکەوێت.
 
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، بەراوردکارییەکی بۆ هێزی ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران و نەیارەکانی کرد و گوتی، "لە ئێران کارەبا بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو لە سەرتاسەری وڵاتدا بەرهەم دەهێنین؛ زیاتر لە 150 بۆ 160 وێستگەی گەورەمان هەیە و لە زیاتر لە هەزار شوێنیش وێستگەی وزە نوێبووەوەکانمان هەن."
 
بە گوتەی وەزیری وزەی ئێران، ئەم شێوازە لە دابەشکردنی وێستگەکان وایکردووە سیستمی وزەی ئێران لە کاتی جەنگدا بە ئاسانی پەکی نەکەوێت، بەڵام دۆخەکە بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ پێچەوانەیە.
 
عەباس عەلی ئابادی دەڵێت، "وڵاتانی پەراوێزی کەنداو و رژێمی زایۆنی، کارەبا بە شێوەیەکی چڕ لە چەند وێستگەیەکی کەمدا بەرهەم دەهێنن. ئەگەر ئەو تاوەر و وێستگانە بکرێنە ئامانج و کارەبایان بپچڕێت، تەواوی شارەکانیان پەکدەکەوێت و دەبنە شتێکی بێکەڵک."
 
وەزیری وزەی ئێران داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، "نیگەران نەبن" و جەخت دەکاتەوە، نەیارەکانیان لەڕووی ژێرخانی وزەوە زۆر لەوان لاوازترن.
 
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە مۆڵەتی لێدان لە ژێرخانی کارەبای ئێرانی بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە، ئەگەر ئێران لەو ماوەیەدا تەنگەی هورمز نەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەنگەی هورمز

بۆ یەکەمجار لەدوای شەڕی ئێرانەوە، کەشتییەکی نەوتیی عێراق لە هورمزەوە تێپەڕی

کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر کە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە