رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەم مانگە زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشین پێنج مووچە بەیەکەوە وەردەگرن." گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانیش گوتی، "تەنیا لە سلێمانی مامەڵەی نزیکەی هەزار خانەنشین تەواو بووە."
رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، بەرپرسێکی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ ئەم مانگە 5,018 خانەنشینی ناوخۆ و مەدەنی و 252 خانەنشینی نوێ بۆ ئەم مانگە کە لە دایکبووی ساڵانی 1962، 1963، 1964 و 1965ـن. مامەڵەیان تەواو بووە و پێنج مووچە بەیەکەوە وەردەگرن."
وەکو ئەو بەرپرسەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم مانگە وەکو یەکەم مانگ ئەوانەی لە 25 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە پاداشتەکەیان وەردەگرن کە 12 مووچەیە بەیەکەوە."
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە رووداوی گوت، "مامەڵەکان زۆر بە خێرایی دەڕۆن، چونکە دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەکان دراوە بۆ راییکردنی مامەڵەکان، ئەوەش گوشاری کەمکردووەتەوە بەراورد بە مانگەکانی دوو و سێ کە بە هەردوو مانگەکە نەگەیشتبوو بە 350 مامەڵەی تەواوکراو."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان باسی لەوە کرد، "بۆ مانگی ئایار لە سلێمانی نزیکەی 1,000 مامەڵە تەواو کراوە و ناویان خراوەتە لیستی مووچە، ئەگەر کارەکان بەم خێراییە بڕۆن بۆ دوو مانگی دیکە هەموو مامەڵەکان تەواو دەکرێن."
17ـی ئایاری 2025، ئاراز محەممەد شێخ مەمدوح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بۆ مانگی ئایار زیاتر لە 450 خانەنشین لە دهۆک مامەڵەیان تەواو بووە و ناویان خراوەتە لیستی مووچەوە و هەربۆیە چاوەڕوانییەکە بەو جۆرەیە مووچەی پێنج مانگ بەیەکەوە وەربگرن.
بەپێی ئامارەکانی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە، لەنێویاندا 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازی هەن.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 2022-11-22 حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ