رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەست رووداو کەوتوون، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران ئەم ساڵ زیاتر لە 11 ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، زیاتر لە 6 ملیار و 629 هەزار دۆلار بووە، پاریش زیاتر بووە لە 14 ملیار و 861 هەزار دۆلار.
بە گوتەی محەممەد حەنوون، قەبارەی هاوردەکردن لە تورکیاوە ئەم ساڵ تاوەکو مانگی حوزەیران، 5 ملیار و 638 ملیۆن و 63 هەزار دۆلار بووە، لە کاتێکدا هەناردەکردن 991 ملیۆن و 615 هەزار دۆلار بووە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا ساڵی 2024 بەم شێوەیە بووە:
هەناردەکردن لە عێراقەوە بۆ تورکیا: ملیارێک و 827 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار
هاوردەکردن لە تورکیاوە بۆ عێراق: 13 ملیار و 34 ملیۆن و 364 هەزار دۆلار
تێکڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی: 14 ملیار و 961 ملیۆن و 422 هەزار دۆلار
سەبارەت بە بڕی هەنارد و هاوردە لە نێوان عێراق و ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "لە نیوەی ئەم ساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران 4 ملیار و 506 ملیۆن و 839 هەزار دۆلار بوو."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، بڕی هاوردەکردن لە ئێرانەوە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ، 4 ملیار و 328 ملیۆن و 153 هەزار دۆلار بووە، لە بەرامبەردا هەناردەکردن بۆ ئێران، 178 ملیۆن و 686 هەزار دۆلار بووە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران ساڵی 2024 بەم شێوەیە بووە:
هەناردەکردن لە عێراقەوە بۆ ئێران: 610 ملیۆن و 22 هەزار و 74 دۆلار
هاوردەکردن لە ئێرانەوە بۆ عێراق: 11 ملیار و 894 ملیۆن و 223 هەزار و 505 دۆلار
تێکڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی: 12 ملیار و 504 ملیۆن و 245 هەزار و 579 دۆلار
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی، دیارترین ئەو بەرهەمانەی لە عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێن ئەمانەن: خورما، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، شەربەتی سروشتی و بەرهەمهێنراو، مرەبا، راشی، بسکویت، جۆرەکانی بەهارات، چپسی پەتاتە، بۆریی کشتوکاڵی، دەرگا و پەنجەرەی PVC، مافوور، کێبڵی کارەبایی و کاشی مۆزاییک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ