گومانی "گەندەڵی و فێڵ" لە بازاڕەکانی جیهان؛ پێش ئەوەی ترەمپ قسە بکات بە ملیاران دۆلار بازرگانیی نەوت کراوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داتاکانی بازاڕی وزە و پشکەکان جووڵەیەکی یەکجار نائاسایی و گوماناوییان تۆمار کرد، ئەمەش رێک 15 خولەک بەرلەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران رابگەیەنێت. ئەم پێشهاتە گومانی "دزەپێکردنی زانیاری" و فێڵکردنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروست کردووە.
 
بەپێی ئامارەکان، رۆژی سێشەممە لە کاژیر 01:50ـی دوای نیوەڕۆ [بەکاتی هەولێر] نزیكەی 734 گرێبەستی نەوت ئاڵوگۆڕ کران، بەڵام تەنیا یەک خولەک دواتر و لە کاژێر 01:51دا، ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی کتوپڕ بۆ 2,168 گرێبەست بەرزبووەوە. ئەمە 16 هێندە زیاتر بوو لە رێژەی ئاسایی بازرگانیی ئەو رۆژە.
 
ئاژانسی بلومبێرگ مەزەندە دەکات، تەنیا لەو چەند خولەکەی بەر لە قسەکانی ترەمپ، بە بەهای 650 ملیۆن دۆلار گرێبەستی نەوت کراوە.
 
رێک لە کاژێر 02:05، تەنیا 14 خولەک دوای ئەو بازرگانییە چڕە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا رایگەیاند، "گفتوگۆی زۆر باش" لەگەڵ ئێران هەبووە و بڕیاریداوە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئێران رابگرێت. دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی پۆستەکە، نرخی نەوتی خاو 14٪ دابەزی. ئەو بازرگانانەی پێشوەختە گرێبەستیان کردبوو، قازانجێکی خەیاڵییان دەستکەوت.
 
جووڵە گوماناوییەکان تەنیا لە کەرتی نەوت نەبوو، بەڵکو لە بازاڕی پشکەکانیش، وەک ئێس پی500 هەمان شت روویداوە. 
 
کریس مێرفی، سیناتۆری دیموکرات لە پۆستێکدا لە ئێکس ئاشکرای کرد، کەسێک تەنیا 5 خولەک بەرلە پۆستەکەی ترەمپ، 1.5 ملیار دۆلاری لە پێوەری ئێس پی500 خستووەتە گەڕ. مێرفی گوتی: "ئەمە نموونەیەکی گەورەی گەندەڵییە. کێ بووە؟ ترەمپ؟ خێزانەکەی؟ یان کارمەندێکی کۆشکی سپی؟ گەلی ئەمریکا مافی خۆیەتی بزانێت."
 
ستێفن ئینیس، شرۆڤەکاری دارایی لە ناوەندی (SPI Asset Management) رایگەیاند، "بازرگانەکان غەیبزان نین. کاتێک دەبینین جووڵەی بازاڕ تەنیا چەند خولەکێک پێش هەواڵە سەرەکییەکان دەگۆڕێت، واتای وایە کەسێک زانیاریی هەواڵگریی پێگەیشتووە بەرلەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی بڵاوببنەوە."
 
تۆڕی میدیایی (CNN) بڵاویکردەوە، بازرگانێک لە بازاڕی پێشبینییە ئەلیکترۆنییەکان (Polymarket) توانیویەتی یەک ملیۆن دۆلار قازانج بکات، چونکە بە وردی کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران دیاری کردووە بەرلەوەی فەرماندەیی سەربازی رایبگەیەنێت. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم کەسە چەندین کاژێر بەرلە هێرشەکان، پێشبینییە دروستەکانی تۆمار کردووە.
 
دوای چەند کاژێرێک لە لێدوانەکەی ترەمپ، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەموو جۆرە دانوستاندنێکی نهێنیی رەتکردەوە و گوتی: "هیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا نییە. ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستەوە یاری بە بازاڕی نەوت و دارایی جیهان بکات."
 
تاوەکو ئێستا نە کۆشکی سپی و نە لێژنەی چاودێریی بۆرسەی ئەمریکا (CFTC)، وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان لە سەر ئەم گومانە گەورانەی "گەندەڵی" نەداوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە