رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی عێراق سێیەم گوژمەى فرۆشتنى قەواڵەى دارایی ئەم ساڵ دەخاتەڕوو، کە بەراورد بە دوو گوژمەکەى پێشوو سوودەکەى زیاد کردووە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەوە یەکەمجارە لە ساڵێکدا سێ گوژمەى ئەو قەواڵەیە بخرێتەڕوو، کە بەتێکڕا زیاتر لە پێنج تریلیۆن دینار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 24ى نیسانى 2025، وەزارەتى دارایی عێراق ئەو قەواڵە داراییانەى خستەڕوو، کە هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان دەتوانن تاوەکو 20ى ئایارى ئەمساڵ بیکڕینەوە.
تێکڕاى بەهاى ئەو قەواڵە داراییانە دوو تریلیۆن و 262 ملیار و 942 ملیۆن دینارە، کە هاووڵاتیان دەتوانن لە وەزارەتى دارایی بکڕنەوە.
قەواڵەى دارایی بەڵگەنامەیەکى بەهادارى داراییە کە لە رێگەى بانکى ناوەندەییەوە دەفرۆشرێت بەرامبەر بە رێژەیەک سوود، کە دەچێتە سەر پارەکە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "ئەوە یەکەم جارە سێ گوژمەى قەواڵەى دارایی رابگەیێندرێت بۆ فرۆشتن."
قەواڵەکان چەند جۆرێکین، یەکێکیان 500 هەزار دینارییە کە بۆ ماوەى دوو ساڵە و هەر شەش مانگ جارێک 8٪ سوودى بانکى بۆ کڕیارەکەى دەبێت، جۆرێکى دیکەیان یەک ملیۆن دینارییە و بۆ ماوەى چوار ساڵە، هەر شەش مانگ جارێک 10٪ سوودى دەبێت.
جەمال کۆچەر گوتی: "ئەو هەنگاوەى وەزارەتى دارایی بۆ راکێشانى دینار و چارەسەرکردنى کێشەى کەمى نەختینە و کەمکردنەوەیەکى کاتى هەڵاوسانە.
کڕیارەکان، ئەو قەواڵانە بە دینار لە بانکانە دەکڕنەوە، کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتپێدراون.
ئەم ساڵ وەزارەتى دارایی دووجار قەواڵەى دارایی راگەیاندووە، کە یەکێکیان بڕەکەى دوو تریلیۆن دینار بووە، ئەوى دیکەیان یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، بەوەش تێکڕاى بەهاى قەواڵە داراییەکانى ئەمساڵ پێنج تریلیۆن و 762 ملیار و 940 ملیۆن ینار بووە.
دوو گوژمەکەی پشووی قەواڵە داراییەکان رێژەى سوودى بانکیان لە نێوان 6٪ بۆ 7.5٪ بووە، بەڵام لە گوژمەى سێیەمدا رێژەکە بۆ 8٪ بۆ 10٪ زیاد کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ