ئاسایشی سلێمانی: بازاڕی دۆلارەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و دەنگۆی سپیکردنەوەی پارە تێیدا رەتدەکەینەوە

25-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاڵوگۆڕکارێکی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت: "بازاڕی دۆلارەکە بووەتە ناوەندی سپیکردنەوەی پارەی وڵاتە مایەپووچبووەکان". گوتەبێژی ئاسایش رەتی دەکاتەوە و دەڵێت: "لە رابردوودا ناسەقامگیریی هەبوو، بەڵام ئێستا بازاڕەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازاڕی دۆلارەکە بووەتە ناوەندی سپیکردنەوەی پارەی وڵاتە مایەپووچبووەکان و کەس نییە رێگری بکات. رۆژانە بە پیکاب تمەن و لیرەی سووریا دەهێندرێنە بازاڕەوە و دۆلار دەبردرێتە دەرەوە".
 
رەوەز میرزا گوتی: "خەڵکی ئێمە هۆشیاریی کەمە و میدیاش رۆڵی کاریگەری نەبووە، بۆیە تمەن و لیرەی سووری دەکڕێت. ناکرێت لە سووریا ملیۆنێک لیرە بە 127 هەزار دینار بێت و لە سلێمانی بە 140 هەزار دینار".
 
بە گوتەی رەوەز میرزا بێت، بەهۆی تمەن و لیرەی سووریاوە "لە سنووری سلێمانی خەڵک دەیان ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە".
 
ئەو کاسبکارە گوتی: "خەڵک هەیە پێشتر بایی 7 ملیۆن دینار لیرەی سووری کڕیوە، ئیستا ملیۆنێک و 300 هەزار دیناری بۆ دەکات".
 
رەوەز میرزا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، "رێگری بکات لە سپیکردنەوەی پارەی وڵاتە مایەپووچبووەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان".
 
ئاسایشی سلێمانی: بازاڕەکە کۆنترۆڵکراوە
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، لە بازاڕی دۆلارەکە ناسەقامگیرییەک دروست بوو، بەڵام دوای چاودێریی لیژنەکانی ئاسایشی ئابووری، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".
 
عەقید سەلام دەڵێت: "ئەوە رەت دەکەینەوە کە بە پیکاب پارەی سووری و ئێرانی بهێندرێتە سلێمانی، بەڵکو ئەوەی هەیە لەکاتی ناسەقامگیریی بازاڕدا هاووڵاتییان لیرەی زۆریان کڕیوە و ئێستا ناوبەناو دەیهێننەوە نێو بازاڕ بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بەشێکی زیانەکانیان بگەڕێننەوە".
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی: "دڵنیایی دەدەین کە ئێستا لیژنەکانمان لەنێو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بە وردی کاری خۆیان دەکەن و رێگە بە هیچ کارێک نادەن بەدەربێت لە رێنوێنییە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق".
 
لەکاتی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد دا لە کانوونی یەکەمی رابردوو، ملیۆنێک لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دیناری عێراقی، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهاکەی لەدەستدا و دابەزی بۆ نزیکەی 150 هەزار دینار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.