رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، تائێستا هیچ جۆرە دانوستاندنێکیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆ پرسە بازرگانییەکان، لەنێویاندا پێناسی گومرگی، نییە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاماژەیان بەوە کردووە، پێشبینی دەکەن گرژییەکانی نێوانیان لەسەر پێناسە گومرگییەکان کەم ببنەوە و، باسی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ پەکین دەکەن.
لەبارەی دانوستاندن لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکادا؛ هی یادۆنگ، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین گوتی، "ئێستا هیچ دانوستاندنێکی ئابووری و بازرگانی لەنێوان چین و ئەمریکادا نییە." دەشڵێت، "هەر جۆرە گوتەیەک سەبارەت بە پێشڤەچوون لە دانوستاندنە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا کرابێت، بێ بنەمایە."
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و لە نیسانی ئەم ساڵەوە، پێناسی گومرگیی بەسەر هاوردەی چین بە رێژەی 145% سەپاند، دواتر چینیش 125% پێناسی گومرگیی بەسەر هاوردەی بەرهەمەکانی ئەمریکادا سەپاند.
رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمە شتێکە، پێمانوایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا روودەدات، تۆش پێتوانییە؟ لە دوو یان سێ هەفتەی داهاتوودا روودەدات. ئەگەر نەیەن، ئەوا رێژەیەک دیاری دەکەین تەنانەت ئەگەر بۆ چینیش بێت. ئێستا سەرقاڵی رێککەوتنین لەگەڵ ژمارەیەک وڵات و دەکرێت ئەوە لەگەڵ چینیش بکەین."
ئیدارەی ترەمپ بەو پێناسانە دەیەوێت کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکەی یەکسان بکاتەوە و پاڵپشتی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکەشی بکات، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی کورتهێنان لە چەندین بەرهەم کە لە کۆتاییدا نرخەکان لەسەر ئەمریکییەکان گرانتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ