رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک لە قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لە دەستدا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ 17 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 63 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 12 سەنت دابەزی و بە 58 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا و هەروەها سەرنەگرتنی ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکراینا رۆژی دووشەممە نرخەکانی نەوتی بە رێژەی 1.3٪ بەرزکردبووەوە.
نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی نزمدا لە چەند مانگی رابردوو مامەلەیان پێوەکراوە و هۆکارەکەشی پێشبینی زیادەی نەوتە لە بازاڕەکاندا لە مامناوەند و درێژخایەن.
پێشبینیکراوە لە ساڵی داهاتوودا قەبارەی خستنەڕوو زیاتر بێت لەو خواستەی کە هەیە.
مایکڵ حوسێن، یەکێک لە شرۆڤەکارەکانی نەوت دەڵێت، ئەگەری زیادبوونی خستنەڕووی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بە بەردەوامی گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
دۆیچە بانکی ئەڵمانی پێشبینیکردووە ساڵی داهاتوو بەبڕی رۆژانەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر لەو خواستەی لەسەری دەبێت، دەخرێتە بازاڕەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ