رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانی، لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم، گرێبەستێکی گرنگیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، لە نێوانیاندا پیشەسازییە کیمیاییەکان و پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بەرهەمهێنانی ئاسن.
ئەم گرێبەستە کاریگەریی ئێجگار گەورەی لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بەو پێیەی گازی سرووشتی وەکو سووتەمەنیی ئەو کارگانە دابیندەکات کە بە سووتەمەنییەکی خاوێنتر لە سووتەمەنییەکانی دیکە هەژمار دەکرێت، بەراورد بە گازوایل و نەوتی رەش و مازۆت.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بۆ 10 ساڵ، دەست بە کڕینی رۆژانە نزیکەی 142 ملیۆن پێی سێجا دەکەن.
ئەو گازەی کە بۆ پیشەسازییەکان دابیندەکرێت، لە کێڵگەی گازی چەمچەماڵ بەرهەمدێت.
کێڵگەی گازی چەمچەماڵ ئێستا لە قۆناخی پەرەپێدانە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بۆریی گواستنەوەی گاز بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ و کارگەکانی دیکە رادەکێشرێت.
بەشێک لە بۆرییەکە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر لە کێڵگەی چەمچەماڵەوە رادەکێشرێت بۆ ناوچەی پیشەسازیی بازیان و کارگەکانی چیمەنتۆ.
گرێبەستی فرۆشی گاز لەنێوان دانەگاز و هاوبەشەکانی لەگەڵ هەریەکە لە کاگەکانی چیمەتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێلتا، چیمەتۆی گاسن و چیمەنتۆی سلێمانی واژۆکراوە کە هەموویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازیی بازیان لە پارێزگای سلێمانی.
گرێبەستی فرۆشی گاز هەروەها لەگەڵ کارگەی ئاسنی ڤان واژۆکراوە کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر.
لە سەرەتای 2025ەوە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم و کۆمپانیا بەشداربووەکانی، دەستیان بە پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ کرد، ئەوەش لە ریگەی وەبەرهێنانی 160 ملیۆن دۆلاری لە لێدانی 3 بیری گاز و دامەزراندنی ژێرخانی گواستنەوەی گاز.
مەجید جەعفەر، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی و بەڕیوەبەری بۆردی کۆمپانیای دانەگاز، کە دوو کۆمپانیای سەرەکی پێکهێنەری کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەمن لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی بڕێکی زۆر لە گازی خاوێنی گازی سرووشتی بۆ پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و دەبێتە هۆکار بۆ لادانی سووتەمەنییەکانی دیکە کە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن."
مەجید جەعفەر لەو بارەیەوە دەڵێت، "رێککەوتنەکە وەک کردنەوەی لاپەرەیەکی نوێیە لە کارەکانی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتە گرنگەی کە لە پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەدەستهات و پرۆژەی KM-250 لە مانگی 10 ـی ساڵی 2025 بە سەرکەوتوویی تەواو کرا و بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەی کۆڕمۆری بە رێژەی 50% بەرزکردەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ