رێبوار بابکەیی: هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بۆ داماڵینی هەرێمی کوردستانە لە هێزی وزە

26-06-2022
محەممەد عوسمان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە لایەنێکی نەناسراو هێرشەکەی ئەنجامدابوو بۆ "داماڵینی هەرێمی کوردستانە لە هێزی وزە و ئەو پێگەیەی بەهۆی نەوت و گازەوە بۆی دروستبووە کە دەتوانێت بڕیار بدات." 
 
رۆژی یەکشەممە 26-06-2022، رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە کاژێری دووەمی نورۆژی رووداو کە سنوور مەجید پێشکێشی کرد، گوتی، "گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کێڵگە نەوتی و گازییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو لەسەر ئاستی سیاسی، هێزی وزە لە قەوارەکە بسەننەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێزی وزەوە وایلێهاتووە بڕیاربدات و کاریگەر بێت." 
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم لە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، "لەسەر ئاستی ئابووری، هێرشەکان بۆ ئەوەن قەیرانی گاز و کارەبا لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بێت." رێبوار بابکەیی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پرسەکە پەیوەندی بەوەوە نییە گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی گازی سرووشتیی رووسیا و ئێران، چونکە ئەو بڕەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئاستی جیهانی بەرهەمی دەهێنن، دەیان جار گەورەترە لە یەدەگی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی رێبوار بابکەیی، "هەرێمی کوردستان نایەوێت جێگرەوەی گازی سوروشتیی ئەوان بێت، بەڵکو دەیەوێت هێزی وزەی هەبێت و لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بڕیار بدات." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی ئامانجیان ئەوەیە کێڵگە نەوتییەکان بکەنە ئامانج و دوور نییە لە داهاتووشدا هێرش بکەنە سەر کێڵگەکانی دیکە و هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی هەینی 24-06-2022 جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. تاوەکو ئێستاش هیچ لایەن و گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
 
ئەمە جاری سێیەمە لە ماوەی چەند رۆژێکدا بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە شاری چەمچەماڵ و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێدرا. لە کاتێکدا، چوارشەممەی رابردوو 22-06-2022 بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
  
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سەبارەت بەو هێرشەی کرایەسەر کێڵگەکانی نەوت و گاز لە کۆرمۆر و هێرشە هاوشێوەکانی رۆژانی رابردوو لە تویتێکدا رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشانە بەئامانجکردنی سەقامگیریی عێراق و لێدانی ئابووریی نیشتمانییە، "بۆیە هیچ بژارەیەکمان نییە تەنیا بە تووندی رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵە تاوانکارییانە نەبێت."
  
بەرهەم ساڵح بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنە نیشتمانییەکان پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەکان بن بۆ "سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و سەروەریی یاسا."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە